ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵێک لە سیاسەتمەدار، پەرلەمانتار و ڕۆشنبیران، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد و بیانی لە وڵاتی ئەڵمانیاوە وەک شاندی ئاشتی بە ناوی "چالاکوانانی ئاشتی" بڕیار بوو بێنە باشوری کوردستان بۆ گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ لایەنەکانی باشوری کوردستان، دوێنی ١٢ی حوزەیران بەشێکیان لە فرۆکەخانەی هەولێر و بەشێکی دیکەیان لەو ئوتێلەی لێی دەمانەوە دەستبەسەر کران.
شاندەکە پێکهاتبوون لە ١٤٠ کەس، ١٢ کەسیان لە فرۆکەخانەی هەولێر دەستبەسەرکران کە تێیدا پەرلەمانتاری ئەڵمانی و ئهندامی ڕێكخراوی هاوپهیمانی نێودهوڵهتی بهرگری لهماف و ئازادییهكان بوون، لەو ١٢ کەسە بەشێکیان دوای لێکۆڵینەوە لە پاسپۆرتەکانیان گەڕێندرانەوە، پێنج لەو ئەندامانە کە کورد بوون لە فڕۆکەخانە مانەوە، بەپێی زانیارییەکان پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە ڕێگری دەکات لە هەر شاندێکی بیانی کە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ئاڵۆزییەکان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بێتە باشوری کوردستان.
کەنەکە هاتنی شاندەکە بە پشتگیری گەلی کورد دادەنێت
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە دەربارەی ڕێگریکردن لە شاندی ئاشتی ڕایگەیاند: ئەو دۆستانە تەنیا بۆ پشتگیریی گەلی کوردستان سەردانی باشووریان کردووە، ئەوان دۆستی گەلی کوردن و خۆیان و هاوڕێکانیان لە بەرگریی کۆبانێ و شەڕی عەفرین و زۆر شوێنی دی، شانبەشانی بەرگریکاران تیکۆشاون و قوربانییان داوە، ئەوان بە شێوازێکی ئەرێنی کوردیان بە جیهان ناساند و وەک دیپلۆماتکاری کورد خەباتیان کردووە، ئێستاش هەر بەو نیازە و هەڵوێستەوە سەردانی باشووری کوردستانیان کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەشیاندا هاتووە: ئەو بەیاننامە و پڕوپاگەندانە دوورن لە ڕاستتیەوە و لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستاند نین و ئەو قسانە بەهیچ جۆرێک ڕاست نین، ئەو دۆستانە تەنیا بۆ پشتگیریی گەلی کوردستان سەردانی باشووریان کردووە، لەو بارەیەوە ئێمە داوا لە حکومەتی هەرێم و ئاسایشی هەولێر دەکەین، کە ئاستەنگیی نەخەنە بەردەم کارەکانی ئەوان، وەک میوان مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، چونکە ئامانجی سەردانی ئەو دۆستانە پشتگیریی خەڵکی کوردستانە و بۆ چاوپێکەوتن و ئاشتی و دیالۆگە.
فاتوش گوک سونگور، هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتی کوردستانیانی ئەوروپا، دوای ماوەیەکی زۆر لە بێ هەواڵ بوونیان لە تویتەری خۆیەوە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە هەولێر ئەو شاندەی پەدەکە دەستبەسەری کردن، لەناو فڕۆکەیەکدا بۆ فرانکفۆرت نێردرانەوە و کاتژمێر ٣:٠٠ دەگەنە فرۆکەخانەی فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا.
بڕیاریشە دوای گەشتنەوەیان لەلایەن کوردستانیانەوە لە فرانکفۆرت پێشوازییان لێدەکرێت و ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش سەبارەت بە کردەوەکانی کاربەدەستانی پەدەکە و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێتەوە.
ت.پ




