شەڕ و قەیرانی ئابووری جووتیارانی بەلوچ مایەپووچ دەکات

بەردەوامی بارودۆخی شەڕ و پەککەوتنی بازاڕ و گواستنەوە، زیانێکی بەرچاوی بە جووتیارانی بەلووچ گەیاندووەو بژێوی ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی بەلوچستان، بەهۆی شەڕ و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، جووتیارانی ناوچەی سیستان و بەلوچستان ڕووبەڕووی زیانێکی دارایی قورس و کێشەی دارایی جددی بوونەتەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، ساڵانە ئەو جووتیارانەی کە بژێوی ژیانیان بە بەرهەمهێنانی بەروبوومی وەکو پیاز و میوە و سەوزەواتەکانی دیکە دابین دەکەن، لەمساڵدا توانای فرۆشتنی بەروبوومەکانیان دابەزین بەخۆوە دەبینن.

 

دۆخی شەڕ زیان بە جووتیاران دەگەیەنێت

سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دۆخە زیانێکی زۆر بە جووتیاران دەگەیەنێت، داخستنی سنوورەکان، گرانیی تێچووی کەرەستەی گواستنەوە، زیادبوونی دەستیکارو کرێکاران و پەککەوتنی گواستنەوە، ئاستەنگی جددی لە گەیاندنی بەرهەم بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوە دروست کردووە. لە ئەنجامدا بەشێکی زۆر لە جووتیاران ناچاربوون بەروبوومەکانیان لە کێڵگەکاندا بەجێبهێڵن.

 

بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا تێچووی بەرهەمهێنان و دروێنەکردن بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەڵام لەهەمانکاتدا کەمی کڕیار و دژواری گواستنەوەی بەرهەمەکان وایکردووە زۆرێک لە خێزانە جووتیارەکان ڕووبەڕووی مەترسی لەدەستدانی هێزی کارەکانیان ببنەوە.

 

ئەم دۆخە نەک هەر دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەروبوومەکانیان، بەڵکو فشاری ئابووریی توند لەسەر بنەماڵە جووتیارەکانی بەلووچ دروست دەکات و ئاسایشیان دەخاتە مەترسییەوە.

 

جووتیاران بەرەو مایەپووچ بوون دەچن

ڕاپۆرتەکە دەریدەخات کە جووتیارانی بەلوچ ڕووبەڕووی ژێرخانی خراپی و لاوازی تۆڕی دابەشکردن و کەمبوونەوەی پشتیوانی دەوڵەت و سیاسەتی ئابووری ناکاریگەر دەبنەوە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو. بەڵام لەگەڵ هەلومەرجی سەختی شەڕەکەدا ئەم کێشەیە گەیشتووەتە ئاستێکی بەربڵاو.

 

چالاکوانانی خۆجێی هۆشداری دەدەن، ئەگەر ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت، هەژاری لە هەرێم زیاد دەکات، قەرزەکان زیاد دەبن و جووتیارانی زیاتر مایەپووچ دەبن، بۆ زۆرێک لە خێزانەکانی ئەم هەرێمە کشتوکاڵ تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیانە.