لە برادۆست مین بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوەو سێ کەس برینداربوون

لە دوای دوو ڕۆژ لە ڕۆژی جیهانی هۆشیارکردنەوە لە مین، لە دەڤەری برادۆست مین بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە و سێ کەس بریندارن کە یەکێکیان ژنێکە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٦ی نیسان لە ناوچەی گەروا سنگا لە دەڤەری برادۆستی سەر بە پارێزگای هەولێر مین بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە، بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون، کە یەکێکیان ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵە.

 

بەپێی زانیاییەکان بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بەمەبستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

 

ئەوە لەکاتێکدایە دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا و ٤ی نیسان کە ڕۆژی جیهانی هۆشیارکردنەوەیە لە مین، دەزگای گشتی کاروباری مینى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تیایدا هاتبوو: بە پێی ئەو داتایەی لەبەردەستماندایە، تاكو ئێستا ١٣ هەزار و ٥٠٠ هاوڵاتی لە هەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانی ڕووداوەکانى مین.