شاندی ئاشتی ڕاپۆرتی سەردانەکەیان بۆ باشووری کوردستان بڵاوکردەوە
شاندی ئاشتی دژی داگیرکاری لە مانگی حوزەیراندا سەردانی باشووری کوردستانیان کرد و لە ڕاپۆرتی سەردانەکەیاندا ئاماژەیان بەوەداوە کە "جگە لە پەدەکە هەموو لایەنەکان ناڕازین لە ئاست داگیرکاری و دۆخی مافی مرۆڤ لە مەترسیدایە".
ناوەندی هەواڵ
شاندی ئاشتی دژی داگیرکاری کە پێکهاتبوون لە حەوت کەسایەتی کورد و بیانی بە ناوەکانی، حافز ئەحمەد تورهالی، سەرۆکی جڤاکی ئیسلامیی کوردستان، سیاسەتمەدار پڕۆفیسۆر د.سالار باسیرە، د.زەینەب بینجی، ڕاوێژکار ڕووناک عەزیز لە وەقفی لینانگان-هۆڵەندا، هونەرمەند گلۆریۆسو ژوون ساتورای، دانیاڵ کۆپ، وتەبێژی ئینتەرناسیۆناڵی پێشڤەڕۆ و یڵماز پێشکەڤین، چاودێری سیاسیی لە مانگی حوزەیراندا سەردانی باشووری کوردستانیان کرد و لەگەڵ لایەنە سیاسی و مەدەنییەکاندا کۆبوونەوە و سەردانی فراکسیۆنەکانیان کرد لە پەرلەمانی کوردستان.
لە ڕاپۆرتێکدا کە لە بارەی سەردانەکەیانەوە بڵاویان کردووەتەوە، شاندەکە ئاماژەیان بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان، هەڵوێستی لایەنەکان، قەیرانی ئابوری و سیاسی، دۆخی هاوڵاتیان و پەنابەران و پارتە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیان لە باشوور کرد.
لە ڕاپۆرتەکەدا باسی لە پارت و لایەنەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کردووە کە لەلایەن حکومەتی هەرێم و بەتایبەتتر پەدەکەوە مۆڵەتی مانەوە و کاریان پێنادرێت، کە هەدەپە لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر و بە گەڕانەوە بۆ بەغدا دەتوانێت مۆڵەت وەربگرێت، پەیەدەش لە شاری هەولێر قەدەغەیە و تەنها لە شاری سلێمانی مۆڵەتیان پێدراوە.
پەرلەمان نوسراوی فەرمی سەبارەت بە لەشكرکێشی دەوڵەتی تورکیای نەکردووە
دەربارەی لەشکرکێشی و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا شاندی ئاشتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبووەتەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "پێچەوانەی حیزبە دەسەڵاتدارەكان بەتایبەت پەدەكە ڕای گشتی دژی داگیركاری و لەشكركێشیە بۆ ناو خاكی هەرێم" لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ فراکسیۆنی پەدەکە لە پەرلەمانی کوردستان هێمن هەورامی هۆکاری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای گەڕاندووەتەوە بۆ پەکەکە، ئەوەشی ڕەدکرووەتەوە کە دەوڵەتی تورکیا بە بیانووی بوونی پەكەكە لە هەرێم تموحی سیاسی و ئابوری و سەربازی تریان هەبێت، پرسیاری ئەوەشیان کردووە لە هەرسێ فراكسیۆنەكە ئایا تا ئێستا پەرلەمان نوسراوێكی فەرمی دەركردووە سەبارەت بە مەحكوم كردنی لەشكركێشیەكانی دەوڵەتی تورك و بەزاندنی سنوری دەوڵەتی عێراق، وەڵامیان نەخێر بووە.
دۆخی مافی مرۆڤ لە باشووری کوردستان لە مەترسیدایە
دەربارەی دۆخی باشووری کوردستان لە سایەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمەوە، شاندەکە لە ڕاپۆرتەکەیاندا ئاماژەیان بەوەداوە، بە گشتی دانیشتوان بەهۆی نەبوونی ئازادی و خزمەتگوزاری و بوونی گەندەڵی ناڕازییە لە حكومەتی هەرێم، هیچ ئۆپۆزسیۆنێكی سیاسی كاریگەر بەرامبەر بە دەسەڵات بوونی نییە، چەند هەزارێك لە ڕێكخراو و گروپی مەدەنی هەن كە زۆرینەیان لەلایەن دەسەڵاتەوە كڕدراون یان دەسەڵات وەك گروپ و حزبی سێبەر دروستیكردوون. بەهەمان شێوە ژمارەیەكی بەرچاو لە میدیای سێبەر هەن كە یەكێتی و پارتی خەرجی و داراییانی گرتۆتە خۆی.
هەروەها هاتووە، چینێكی سەرمایەداری نەوت و بازرگان دروستبووە كە مۆنۆپۆلی بازاریش دەكەن، دیاردەی ملیۆنەر و ملیاردێری دۆلار دەبینرێت بە تایبەت بە هۆی بازرگانی كردن بە نەوت و قاچاخچێتی مەرزەكان، بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئاستیكی خراپدایە و ئازادی ڕەخنەگرتن و نووسین بەتایبەت لە زۆنی زەرد لەژێر مەترسیدایە. بەو هۆیەوە ژمارەیەكی بەرچاو لە زیندانیانی سیاسی خراونەتە بەندیخانەكانەوە بە تایبەت پەدەکە هەندێكیان ماوەیەكی زۆرە بەندن بێ ئەوەی دادگای کرابێتن، هەندێكیان خراونەتە بەندیخانەوە چونكە لە خۆپیشاندانەكاندا داوای مافی خۆیان و موچەیان كردووە، دیاردەی كوشتنی ژنانیش بە ڕوونی دەبینرێت.
جێی ئاماژەیە سەردانی شاندە نێودەوڵەتییەکانی ئاشتی بۆ باشووری کوردستان دوای ئەوە دیت کە دەوڵەتی تورکیا لە ١٧ی نیساندا ئۆپەراسیۆنی چنگی قفڵی بۆسەر شیلادزێ، ئامێدی و دێرەلوک و چیای کورەژارۆ دەستپێکرد، ڕاپۆرتی شاندی ئاشتی دژی داگیرکارییش بە چوار زمان بڵاودەکرێتەوە و دەنێردرێت بۆ ئەو ڕێكخراو و لایەنانەی شاندەكە نوێنەرایەتیان دەكەن، هەروەها ئاڕاستەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەکرێت لە ئەمریکا و عێراق و هاوپەیمانی ئەتڵەسی و باڵیۆزخانەی وڵاتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی کە گرنگی بە ئاشتیی دەدەن دژی داگیرکاریی.