ژنانی مەخمور: بە تێکۆشان و بەرخۆدانەکانمان سەردەکەوین

ژنانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی-مەخمور، کە لە رێپێوانی ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا بەشداربوون، ڕایانگەیاند: "بە هێز و ئیرادە و بەرخۆدانی خۆمان بەرەنگاری داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەبینەوە".

مەخمور

 

دوێنێ، ٥ی تەمموز دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ماڵێک لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی، لە ئەنجامدا کەسێک بریندار بوو و چەندانی دیکە زیانی تەندروستیان بەرکەوتووە، هەر دوێنێ دانیشتووانی کامپەکە بۆ ئیدانەکردنی ئەم هێرشە ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ڕێکخست.

 

دوای ڕێپێوانەکە، بەشداربووان خولەکێک وەستان بۆ رێزگرتن لە ئازادیخوازان، پاشان نوران سەزگین، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی عەشتاری کامپی مەخمور وتارێکی پێشکەشکرد و هێرشەکەی شەرمەزار کرد و وتی: ئێمە ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری پەدەکە دەکەین، دەوڵەتی تورک جارێکی دیکە ڕووخساری ڕەشی خۆی نیشاندا و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ماڵێک، هێرشەکان یەکەمجار نییە و لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بەردەوام هێرش دەکرێتە سەر کامپەکە و دوورە لە یاسا جیهانییەکان، لە ساڵی ١٩٩٤ەوە دانیشتووانی مەخمور ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و فشار و ئاوارەبوون بوونەتەوە، بەڵام هەرگیز کۆڵیان نەدا و لە بەرخۆدانی بەردەوامن، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان شەریکن لەم هێرشانەدا، ئەگەر لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا هاوکاریان نەبوونایە بێدەنگ نەدەبوون.

 

"لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ناترسین"

كەریمان قەوالی، بەشداربووی ڕێپێوانەکە، هەڵوێستی خۆی خستەڕوو وتی: ئێمە وەك خەڵكی مەخمور بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكەین، دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە هێرشەکانی گەل بترسێنێت، بەڵام ئێمە هەرگیز لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ناترسین، ئەردۆغان گوێ بە منداڵو  ژن و بەساڵاچوو نادات و هێرشی کامپەکە دەکات و کاریگەری لەسەر دەروونی منداڵان بەجێدەهێڵێت، ئێمە ئیدانەی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکەین، ئەگەر ئەوان هاوکاری دەوڵەتی تورک نەبوونایە، نەیدەتوانی هێرش بکات، ئێمە هەرگیز لە فڕۆکەکانی ئەردۆغان ناترسین و سەرکەوتن هەمیشە هی ئێمە دەبێت.

 

"ئێمە هەرگیز لەناوناچین"

حەمایل تەکین، هاوڵاتییەکە و بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی کرد و وتی: ماوەی ٢٨ ساڵە پەنابەرین، هیچ زیانێکمان بە دەوڵەتی عێراق نەگەیاندووە، ماوەی سێ ساڵە پەدەکە ڕێگەی ئێمەی گرتووە بۆی لەناوبچین، با ئەمە باش بزانن ئێمە هەرگیز لەناوناچین و بەهێزتر دەبین و هەرگیز پاشەکشە ناکەین، تا کۆتایی شەڕ دەکەین، لە کوێی جیهان یاسایەک هەیە بۆ بۆردومانی کامپی پەنابەران؟، بەڵام دەوڵەتی تورک هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و کامپەکەمان بۆردومان دەکات. ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکەین و داوا لە وڵاتانی نێودەوڵەتی دەکەین هەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کامپی ئاوارەکانی مەخمور بخەنەڕوو و ڕێگە نەدەن دەوڵەتی تورک هێرش بکاتە سەر کامپەکەمان، ئێمە وەک خەڵکی مەخمور بە خەبات و خۆڕاگریمان سەردەکەوین".