ڕژاک لە مەراسیمێکدا شەهیدانی مانگی حوزەیرانی بەبیرهێنایەوە

ڕژاک لە مەراسیمێکدا لە کەرکوک زەینەب کناجی و شەهیدانی ژن بەبیردەهێنینەوە، کە بە خوێنیان مانیفێستۆی ئازادی و بە ڕەنج و تێکۆشانیان بناغەی ئایندەیەکی ڕۆشنیان بۆ ژنان ئافراندووە.

کەرکوک

 

پاشنیوەڕۆی هەینی لە لقی کەرکوکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، بە ئامادەبووانی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی شارەکە لە ژنان و گەنجان و تەواوی چین و توێژە جیاوازەکان، مەراسیمێكی بەبیرهێناوە بۆ زەینەب کناجی و تەواوی شەهیدانی مانگی حوزەیران بەڕێوەچوو.

 

چالاکییەکە بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک وە بە هاوکاری کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ڕێکخرا.

 

سەرەتای مەراسیمەكە بە خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادی و دیموكراسی دەستی پێكرد، پاشان بەخێرهاتنی بەشداربووانی مەراسیمەكە کرا بۆ بەشداری کردنیان لە مەراسیمی بەبیرهێنانەوەی هەموو شەهیدانی ژن لە کەسایەتی زەینەب کناجی و تەواوی شەهیدانی مانگی حوزەیران دا.

 

لە مەڕاسیمەکەدا پێشەنگایەکی تایبەت بە وێنەی شەهیدانی مانگی حوزەیران ئامادەکرابوو کە تیدا وێنەی شەهیدانی ژن نمایش کران.

 

بەیاننامەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک خوێندرایەوە: 

 

" لاپەڕەکانی مێژووی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان لە پێناو ئازادی و و بەدەستهێنانەوەی مافە ڕەواکانمان، پڕە لە داستانی نەبەردی و قارەمانی، کە ئاوێنەی تایبەتمەندی کەسێتی تاکی کوردن، بێ گومان ژنانی کورد لەم ڕۆڵانەدا نەک تەنیا بێ بەش نین و پێشەنگایەتی تێکۆشانیان کردووە.

 

ئەگەر مانگی حوزەیران، بە نموونە وەربگرین، چەندین نموونەی باڵای ژنی پێشەنگ دێنە پێشەوە، وەک "زەینەب کناجی" بە ناسناو "زیلان "، کە ٢٧ ساڵ پێش ئێستا لە چالاکییەکی کەم وێنەدا گیانی بەخت کرد،  بەم چالاکییە ویستی وەڵامی فاشیزمی تورکیا بداتەوە، کە سیاسەتەکەی بەهەموو پێوەرێک سیاسەتێکی ستەمکارانەی قڕکردن و تواندنەوەی  گەلی کوردبوو.

 بڕیار دەدات گورزێکی گیانی زۆر و بەکاریگەر لە دوژمن بدات، هەر بۆیە کاتی کۆبوونەوەیەکی سەربازی لە مەیدانێکی سەربازیدا هەڵدەبژێرێت و بە گیان و جەستەی قەرزە نیشتیمانییەکەی دەداتەوە، بۆ هەمیشە دەبێتە نموونەی فیداکاری و سەر دانەنەواندن، نموونەی ژنی بوێر و بەئیرادە بۆ هەر کەسێک، کە داگیرکاری خاکەکەی و هێڵی خیانەتی پێ قبوڵ نییە.
 

لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریمان زۆرن هاوشێوەکانی زیلان، کە ناویان بە نەمری لە مێژوودا تۆمارکراوە، وەک "سەما یوجە، ڕەهشان دەمیڕەل، زەکییە ئالکان، ئاڤێستا خابوور، ئارین میرکان، ڤیان سۆران و دەیانی تر".

 

هەر لەم مانگەشدا ە چەندین ژنی تر کە لەسەر هێڵی تێکۆشان تا دواین ساتەکانی ژیانیان تێکۆشاون، بە پلەی شەهادەت گەیشتوون لەوانە "بەرفین ڕێباز، ڕاپەڕین ئامەد، دەلال شۆڕش، بێریڤان زیلان و.....هتد" بوونەتە هێما و ئاوێنەی ڕاستینەی پێشەنگایەتی ژن لە مەودای خەبات و تێکۆشان و هەڵبژاردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە، لەسەر بنەمای فکر و فەلسەفەی ئازادی و خۆبوونی ژن.

لە ڕۆژی ئەمڕۆشدا ژنانی کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستان و دنیای دەرەوەشدا، چاوکراوانە بۆ چەسپاندنی ماف و ئازادییەکانیان لەسەر پێ و مەیدانەکانن،  هەروەها بۆ تێکشکاندنی هەوڵە داگیرکارییەکان کە بەردەوامن لەسەر کوردستان لە خەبات و تێکۆشانیان بەردەوامن.

 

هەر پەیوەست بە ڕۆڵی ژنان لە تێکۆشاندا، نموونەیەکی زیندووی وەک شۆڕشی ژینا ئەمینی  یاخود "ژن، ژیان، ئازادی" مان هەیە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێمە لێرەدا هەموو ژنان بانگهێشتی هەڵمەتی پشتگیری لەم شۆڕشە دەکەین، داوا دەکەین بە ڕۆحێکی بەرپرسیارانە خاوەنداری لە نرخ و بەهاکانی ئەم شۆڕشە بکەن، کە لە دژی بن پێ کردن و خواردنی هەموو مافێکی ژنان بەرپا بووە.

 

هەموو شەهیدانی ژن، کە بە خوێنیان مانیفێستۆی ئازادی و بە ڕەنج و تێکۆشانیان، بناغەی ئایندەیەکی ڕۆشنیان بۆ ژیان لە وڵاتێکی ئازاد و ژیانێکی بەهادار بۆ ئێمەی ژن ئافراندووە، بە ڕێزداری بە بیردێنینەوە." 

 

پاش خوێندنەوەی بەیاننامەکەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک سینەفزیونێك لەسەر ژیاننامە و خەباتی شەهیدانی ژن بەتایبەتی شەهیدانی مانگی حوزەیران بۆ ئامادەبووانی مەڕاسیمەکە نمایش کرا.