"شۆڕشی ڕۆژئاوا ژنی کوردی بە جیهان ناساند"
بە ئاهەنگێک لە شاری سلێمانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان پیرۆزکرا، ئاماژە بەوەکرا، کە شۆڕشی ڕۆژئاوا ژنی کوردی بە جیهان ناساند و هەمووان ئەو شۆڕشە بە نمونە دەبینن.
سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئەکوا پارکی شاری سلێمانی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەرەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ئاهەنگێک ١٠یەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانیان پیرۆز کرد.
لە مەراسیمەکەدا نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بەشداربوون و پەیامی پیرۆزباییان ئاڕاستەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد، سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستیپێکرد، دواتر ئەڤین سوێد، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: دەیەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، لە کەسایەتی شەهید فەرهاد دێرک و تەواوی شەهیدانی کوردستانن پیرۆز دەکەین، ئەم ڕۆژە بووە نموونەی دیموکراسی لە ناوچەکەدا، ئەم ساڵ ۱۹ی تەمموز، داگیرکاری تێک دەشکێنین و سوریایەکی دیموکرات ئاوا دەکەین.
ڤانێسا ڕەشید، ئەندامی پارتی سەوزی ئەڵمانی لە وڵاتی ئەڵمانیا و بەشداربووی ئاهەنگەکە ئاماژەی بەوەدا کە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ژنانی بە جیهان ناساند، لەکاتێکدا جیهان چاویان لە کۆچی ئاوارەکانی سوریا بوو، بەڵام ژنانی کورد مێژوویان تۆمارکرد و بەرخۆدانییان گەیاندە لوتکە، "ئێمە لە وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ ئەوەی شۆڕش لە ڕۆژئاوادا هەبوو، هەوڵماندا لە ڕێگەی چالاکییەکانمانەوە ئەو شۆڕشە بگەیەنینە خەڵکی و زیاتر ئاشنایان بکەین بە شۆڕش بە پێشەنگایەتی ژن، لەلایەکی دیکەوە ئەرکی ئێمەیە لەڕووی سیاسییە لەناو پارتە سیاسییەکانماندا ئەرکی پاراستنی ڕۆژئاوا بگرینە ئەستۆ لە هێرش و پەلامارەکان.
لە کۆتایدا ئاهەنگەکە بە گۆرانی هونەرمەندان ژینا سەقزی و لوقمان سەلیم و هۆزان و هەڵپەڕکێ بەردەوام بوو.