پلاتفۆڕنی یەکێتی نەتەوەی ژنی کورد -باشوور: پێویستە هەنگاوی کردەیی بۆ یەکڕیزی بندرێت
پلاتفۆڕنی یەکێتی نەتەوەی ژنی کورد -باشوور بانگەوازی یەکڕێزی دەکات و دەلێت: پێویستە هەنگاوی کردەیی بندرێت.
ناوەندی هەواڵ
پلاتفۆڕنی یەکێتی نەتەوەی ژنی کورد -باشوور لە ڕاگەیاندراوێکدا بۆ یەکڕیزی ماڵی کورد بانگەوازی و پشتگیری دەکات و تێیدا هاتووە: ئەرک و بەرپرسیارێتی ئێمە بۆ پاراستنی دەستکەوتە بەدیهاتووەکان لەلایەک و لەلایەکی تریش بۆ گەیشتن بەو ئامانجە نەتەوەییانەی کە هێشتا لە تێکۆشانداین، بۆ بەدیهانێک هەڵوێستی ڕوون و ڕێکخراومان هەبێت.
ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە:
لە کاتێکدا ناوچەکە بە چەندین گۆڕانکاریی سیاسیی و ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا تێپەڕ دەبێت، هەروەها پیلانی داگیرکەران بۆ لاوازکردنی قەوارەی سیاسیی و جوگرافیی کوردستان و هێرشی گرووپە توندڕەوەکان بۆ سەر خاکمان بەردەوامە، ژمارەیەک لە نیشتمانپەروەر و ڕۆشنبیران، بۆ پاراستنی خاک و زمان و نەتەوەکەمان، بانگەوازی سەرجەم خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان دەکەن تا لە ئاستی بەرپرسیارێتیی مێژووییدا یەکگرتوو بن.
ڕۆڵی کورد لە ناوچەکەدا پڕ بایەخ و گرنگە، بەڵام گرژی و ئاسەواری جەنگ زیاتر بەرەو قووڵایی خاکی کوردستان دەچێت و قوربانیی زۆری لێکەوتووەتەوە، بە جۆرێک ڕەنگە لە داهاتوودا هەموو خاکمان ببێتە مەیدانی جەنگ، ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئێمە بۆ پاراستنی دەستکەوتە بەدیهاتووەکان و گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان، پێویستیی بە هەڵوێستێکی ڕوون و ڕێکخراو هەیە.
ئێمە وەک پلاتفۆرمی یەکێتیی نەتەوەیی ژنی کورد-باشوور، پشتگیری لەو بانگەوازە مێژووییە دەکەین، پێویستە هەنگاوی کردەیی بنرێت و هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوودا یەک بخرێن، داوا دەکەین لایەنە سیاسییەکان ململانێ لاوەکییەکان بەلاوە بنێن و ماڵی کورد یەک بخەن، هەروەها پشتگیریی خۆمان بۆ مانەوەی هێزی ژنان لە ڕۆژاوا و یەکڕیزیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات دەکەینەوە، چونکە پیلانی داگیرکەران تەنیا بە یەکڕیزی تێک دەشکێت.