سلێمانی، سێ ژن خەڵاتی "بلە"یان پێبەخشرا

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی "بلە" بەڕێوەچوو، هەریەک لە بەدیعە دارتاش هونەرمەندی باشوری کوردستان، جەمیلە جەلیل هونەرمەندی کوردی ئەرمینیا و نەسرین عەبدوڵا، فەرمانداری یەپەژە خەڵاتیان پێبەخشرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی "بلە" بۆ کاریگەرترین کەسایەتی سیاسی، هونەری، ئەدەبی و ڕۆشنبیری بەڕێوەچوو، لە مەراسیمەکە ٨ خەڵات لە بواری پاراستنی بەڵگەنامە، هونەری، ڕۆشنبیری و سیاسی بەخشرا، لەناویاندا سێ ژن خەڵاتیان پێبەخشرا.

 

یەکەمین خەڵاتی زیڕینی بلە بەخشرایە مۆزەخانەی ئەمنەسورەکە، لە پای پاراستنی بەڵگەنامەکانی ئەنفال و گوشارەکانی حکومەتی بەعس، خەڵاتەکە لەلایەن ئاکۆ حەمە غەریب کە بە هاوکاری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد مۆزەخانەکەیان بونیادناوە خەڵاتەکەی وەرگرت.

 

خەڵاتی دووەمی زێڕینی بلە، بەخشرایە بەدیعە دارتاش وەک هونەرمەندێکی شانۆکار و کۆڵنەدانی لە پێگەیاندنی هونەرمەندانی شانۆ.

 

خەڵاتی سیێهەمی زێڕینی بلە، بەخشرایە دکتۆر سەعد بەشیر، ئەکادیمیستێکی کورد، کە بە دوای کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکانی ئەنفال و جینۆسایدی فەیلیەکاندا گەڕاوە و کۆی کردووەتەوە.

 

خەڵاتی چوارەمی زێڕینی بلە بەخشرایە جەمیلە جەلیلی، هونەرمەندی کوردی ئەرمینیا، کە ڕۆڵی هەبووە لە خزمەتکردن بە میوزیکی کوردی، پێش مەراسیمەکە بەهۆی ئەوەی نەیتوانیبوو بەشداری بکات خەڵاتەکەی بۆ نێردراوە.

 

 خەڵاتی پێنجەم بەخشرایە سەڵاحەدینی ئاشتی، خەڵکی شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە پای وەرگێڕانی چەندین بەرهەمی مێژووی کە زیاتر لە ١٥ بەرهەمی مێژووی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

 

خەڵاتی شەشەمی زێڕینی بلە بەخشرایە نەسرین عەبدوڵا، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە لە رۆژئاوای کوردستان، وەک دامەزرینەر و فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، خەڵاتەکە لەلایەن ئەڤین سوێد، نوێنەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستانەوە وەرگیرا.

 

خەڵاتی حەوتەمی زیڕینی بلە بەخشرایە شەهرامی نازری، وەک یەکێک لە موزیسیانە گەورەکانی کورد و خەڵکی کرماشان.

 

خەڵاتی هەشتەمی زێڕینی بلە و کۆتا خەڵات بەخشرایە سەڵاحەدین دەمیرتاش، سەرکردەی زیندانیکراوی کورد لە باکوری کوردستان لە پای بەرخۆدان و هەوڵە ئاشتی خوازەکانی، خەڵاتەکە لەلایەن فەلەکناس ئوجا وەرگیرا و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پێشکەشی کرد.

 

خەڵاتی زێڕینی بلە، خەڵاتێکی ساڵانەیە، لە دوای ساڵێ ٢٠٠٢ دەبەخشرێتە کەسانی کاریگەر لە بواری پاراستنی بەڵگەنامە، هونەری، ڕۆشنبیری و سیاسی، وەک دایکی نمونەیی، قوتابی نمونەیی، پێشمەرگەی نمونەیی، هونەرمەندی نمونەیی، نووسەری نمونەیی و کارمەندی نمونەیی.