پانێڵی گەنجان لە حەلەب: خاوەندارێتی کردن لە خاکی وڵات شەرەفە
ئەنجومەنی گەنجانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" لە شاری حەلەب پانێڵێکی بەناونیشانی "خاوەندارێتی کردن لە خاکی وڵات شەرەفە" سازکرد. لە پانێڵەکەدا باس لە بەرپرسیارێتی گەنجان کرا لە پاراستنی ناسنامە و بوونیان.

حەلەب
ئەنجومەنی گەنجانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە"لە شاری حەلەب پانێڵێکی بەناونیشانی "خاوەندارێتی کردن لە خاکی وڵات شەرەفە" سازکرد. پانێڵەکە لە هۆڵی لەلون لە گەڕەکی ئەشرەفیەی شاری حەلەب بە بەشداری گەنجانی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەڕێوەچوو.
دوای خولەکێک ڕێزگرتن، وتاری کرانەوە لەلایەن بەڕێوەبەری ئەنجومەنی گەنجانی پەیەدە پێشکەشکرا. پاشان نامەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ گەنجان بە زمانی کوردی لەلایەن ڕەشا عەبدۆ، ئەندامی گەنجانی پەیەدە و لە لایەن ئەحمەد عەبدۆ، ئەندامی پەیەدە بە زمانی عەرەبی خوێندرایەوە.
لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە گەنجان بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان و بە پاراستنی کولتوورەکەیان ژیانێکی شکۆمەندانە بونیاد بنێن.
دوای خوێندنەوەی پەیامەکە، پانێڵەکە بەردەوام بوو لە گفتوگۆکانی نێوان گەنجان. سالی ئۆسۆ، ئەندامی ئەنجومەنی گەنجانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" ڕایگەیاند، کۆچ کاریگەری نەرێنی لەسەر گەنجان هەیە، کە گەنجان بە شێوازی جۆراوجۆر دەقۆزرێنەوە و لە دەرفەتی ژیانی کولتوورەکەیان بێبەش دەکرێن.
سەحەر زێنا، ئەندامی پارتی کۆمەڵایەتی نیشتمانیی سووریا- ئینتیفادە ئاماژەی بەوەکرد، کە دوور بوون لە وڵات دەبێتە هۆی لەدەستدانی ناسنامە و مێژووی مرۆڤ، پرۆسەی بونیادنانی وڵات دەکەوێتە سەر شانی گەنجان و پێویستە گەنجان وزەی خۆیان بۆ گەشەپێدانی وڵات و پاراستنی ناسنامە و بوونی خۆیان بەکاربهێنن.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا بانگەوازێک کرا بۆ هەموو گەنجان کە کۆچکردن ڕابگرن و لە وڵاتەکەیان بمێننەوە و ناسنامە و بوونیان بپارێزن.