ناوەندی هەواڵ
لە باشووری کوردستان بارانێکی بەخوڕ لە ٨ی کانوونی یەکەم کە دەستیپێکرد، بووە هۆی دروستبوونی لافاو و بەشێکی زۆر لە دانیشتووانیش زیانیان بەرکەوتووە، یەکێک لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان شارۆچکەی چەمچەماڵی شاری سلێمانی بوو، لە ئەنجامی لافاوەکەدا ماڵی دانیشتووان ژێرئاوکەوتووە و زیانی ماددی کەوتووە.
مانگی سووری کوردی لە ڕۆژئاوا ئامادەکاری دەکات بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە چەمچەماڵ، لە پۆستێکدا کە لە هەژماری X ی ڕێکخراوەکەدا بڵاوکراوەتەوەو تێیدا هاتووە: تیمەکانمان کاردەکەن بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ پاڵپشتیکردنی گەلەکەمان لە چەمچەماڵ، دڵنیاتان دەکەینەوە کە لەم هەلومەرجە سەختەدا لە پاڵ گەلەکەماندا دەوەستینەوە، پاڵپشتی پێویست پێشکەش بە هاوڵاتیانمان دەکەین.




