مامۆستایانی ناڕازی ئیدارەی ڕاپەڕین گردبوونەوە

مامۆستایانی ناڕازی ئیدارەی ڕاپەڕین لە دژی پێنەدانی مووچە و کەمتەرخەمی حکومەت گردبوونەوەو ئاماژەیان بەوەکرد، خۆپیشاندانی مووچە خۆران بەردەوام دەبێت.

مامۆستایانی ناڕازی ئیدارەی ڕاپەڕین گردبوونەوە

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٨ی شوبات، مامۆستایانی ناڕازی ئیدارەی ڕاپەڕین، لە سنووری سلێمانی لە دژی پێنەدانی مووچە و کەمتەرخەمی حکومەتی كاربەڕێكەری هەرێم لە بەردەم پەروەردەی گشتی لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییەکان ئەنجامدا.

 

ئاماژەیان بەوەکرد، خۆپیشاندانی مامۆستایان، فەرمانبەران و مووچە خۆران بەردەوام دەبێت هەتا ئەوکاتەی زوڵم و ستەمی ئەم دەسەڵاتە بەردەوام بێت، هەروەها دەیانەوێت بە دەسەڵاتی شکستخواردووی هەرێمی کوردستانی ڕابگەیەنن، ئەگەر لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا وەڵامی داواکارییەکانی ئێمەی مامۆستایان و مووچە خۆران نەدەنەوە، ئیتر لە مەودوا خۆپیشاندانی داهاتوومان دەبەینە شادەماری خوێنی ئەم دەسەڵاتە کە ئەویش خاڵە سنوورییەکانە.

 

مامۆستایان وتیان: ئیتر ماندووبوین و هیوادارین دەسەڵاتی هەرێم لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەڵامی داواکارییەکانمان بداتەوە و ئیتر تا ئێرە بێت و بەس، لەسەر هەڵوێستەکانمان بەردەوام دەبین، بەڵام قۆناغی ناڕەزایەتییەکانمان دەگۆڕین بۆ شێوازی تر.