لەیلا قاسم؛ مەشخەڵی هۆشیاری ژنانی کورد
لەیلا قاسم، کە بە بووکی کوردستان دەناسرێت، بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی و دژایەتیکردنی ڕژێمی بەعس، لە تەمەنێکی گەنجیدا بووە یەکەم ژن کە لە مێژووی سیاسیی عێراقدا لەسەر دۆزی کورد لەسێدارە بدرێت، بووەتە مەشخەڵی هۆشیاری و پیشەنگی ژنانی کورد.
هێڤی سەڵاح
ناوەندی هەواڵ_مێژووی گەلی کورد پڕە لە داستان و قوربانی، بەڵام هەندێک ناو هەن کە بوونەتە وێستگەی گۆڕانکاری گەورە. لەیلا قاسم، ئەو ژنە گەنجەی لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا بەرەو سێدارە چوو، نەک تەک تەنها وەک شەهیدێک، بەڵکو وەک ڕێبەرێکی ڕۆحی ژنانی کورد ناسراوە و بە وتە بەناوبانگەکەی، کوشتنی من هەزاران کوردی تر لە خەو ڕادەچڵەکێنێت، مانا و ڕەهەندێکی نوێی بە خەباتی مەدەنی و سیاسی بەخشی.
ژیان و سەرەتای چالاکی
لەیلا قاسم لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لەدایکبووە. لە خێزانێکی نیشتمانپەروەر پەروەردە بووە و لە کۆتایی شەستەکاندا دەستی بە چالاکی سیاسی کردووە. لە ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیرا، لەوێ وەک چالاکوانێکی دیار لە ناو "یەکێتی قوتابیانی کوردستان" دەستی بە خەبات کرد.
کۆتا ساتەکان؛ لەدایکبوونێکی نوێ
ڕژێمی بەعس چەندین تۆمەتی بۆ دروست کردن، لەوانە هەوڵدان بۆ ڕفاندنی فڕۆکە، دانانی بۆمب لە سینەما و پلان بۆ کوشتنی سەدام حوسێن. بەڵام سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە تەنیا دادگاییکردنێکی ساختە بووە بۆ چاوترسێنکردنی کورد، لە ماوەی دەستگیرکردنیاندا لە بەندیخانەی ئەبو غرێب، لەیلا و هەڤاڵانی ڕووبەڕووی قورسترین جۆری ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە، تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە چاوێکی لەیلا قاسم لە ژێر ئەشکەنجەدا دەرهێنراوە.
لەیلا تەنها چالاکوانێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو لە دڵی بەغداوە ڕووبەڕووی ڕژێمی بەعس دەبووەوە.لە نیسانی ١٩٧٤دا، لە کاتێکدا ڕژێمی بەعس هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر باشووری کوردستان دەستپێکردبوو، لەیلا قاسم لەگەڵ چوار لە هەڤاڵانی،جەواد هەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران، لە بەغدا دەستگیرکران.
دوای ئەشکەنجەیەکی زۆرو دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانە، لە بەرەبەیانی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤، لەیلا قاسم و هەڤاڵانی لەسێدارە دران. باس لەوە دەکرێت کە لەیلا بە ورەیەکی بەرزەوە بەرەو سێدارە چووە و لەیلا پێش لەسێدارەدانی، لە دواین دیداری لەگەڵ دایک و خوشکەکەی، داوای مەقەست و جلی کوردی کردبوو. قژی خۆی بڕی و وەک یادگاری دای بە خوشکەکەی و گوتی: "من دەبمە بووکی کوردستان و خاک لە باوەشم دەگرێت
کاریگەری و میراس
شەهیدکردنی لەیلا قاسم دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهان هەبوو. ئەو بوو بە هێمایەک بۆ بەشداریی ژنی کورد لە کایەی سیاسی و شۆڕشگێڕیدا. تا ئەمڕۆش ساڵانە لە یادی شەهیدبوونی، لە سەرتاسەری کوردستان وەک پێشەنگێکی ئازادی یادی دەکرێتەوە و چەندین قوتابخانە و ناوەندی ڕۆشنبیری بە ناوی ئەوەوە کراون و هەزاران کچی کورد بە ناوی ئەوەوە ناوبنرێن و ڕێگەی لەیلا دەگرنە بەر.