لەسەر گۆڕەکەی شەهید هێرۆ بەهادین بەبیرهێندرایەوە

هاوڕێ و هاوکار و گروپێک لە ژنانی ڕاگەیاندنی ئازادو بنەماڵەی شەهید هێرۆ، بۆ بەبیرهێنانەوەی شەهید گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، تاجە گوڵینەی وەفایان لەسەر مەزاری هێرۆ بەهادین دانا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، لە گۆڕستانی قەرەتۆغان لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی هاوڕێ و هاوکارانی لە کۆمپانیای چەتر و ئامادەبوونی بەشێک لە ژنانی ڕاگەیاندنی ئازادو بنەماڵەی شەهید هێرۆ بەهادین، هەردوو شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازاد گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بەبیر هێندرانەوە، سەرەتا خولەکێک بۆ گیانی شەهیدان وەستان پاشان تاجەگوڵینەی وەفا لەسەر مەزاری شەهید هێرۆ داندرا. 


هاوژین شوانە، ڕۆژنامەنووس و هاوکاری هەردوو شەهید وتی: ئێمە هاتوینەتە سەر مەزاری هاوکارەکەمان و بەڵێن دوپاتەکەینەوە کە لە ڕێ و ڕێبازیان لانەدەین، ئەوان بەدەوام لە بیری ئێمەدا دەمێنن هەردەم لە چاو و دڵماندا دەمێننەوە. 

 

بێریڤان بەهادین خوشکی هێرۆ وتی: هێرۆ بەردەوام لە دڵماندایە، هیوادارم ساڵێکی دیکە کە هاتینەوە سەر مەزاری هێرۆ بتوانین موژدەی بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی پێبدەین، یاسا لە بە سزاگەیاندنی تاوانباران دادپەروەربێت.

 

سنوور ڕەحمان، ڕژنامەنووس وتی:  لەسەر گۆڕی هێرۆ ئێمە پەیمان دووبارە دەکەینەوە کە ڕێ و خەباتیان بەرنادەین، شانازی گەورەیە کە لە ڕیزی دایکی شەهیدو ماڵباتی شەهید هێرۆ وەستاوین.

 

" هاتووین لەسەر مەزاری شەهید هێرۆ بەهادین پەیامی بەردەوامی لە کارو خەبات دووبارە بەینەوە" 
هەوار محەمەد، ڕۆژنامەنووس و هاوکاری هەردوو شەهید کاروخەباتی شەهید هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارای بەرزنرخاند، وتی: دوو ساڵ بەر لە ئێستا لەسەر ڕێگەی سەیدسادق بۆ سلێمانی هەردوو  ڕۆژنامەنووسی ئازاد بە هێرشی درۆنی تورکیا شەهید بوون، بەشێک لە هاوکارانیان بریندار بوون، ئێمە ئەمڕۆ هاتووینەتە سەرمەزاری شەهید هێرۆ بەهادین، کارو خەباتیان هەردەم لە چاو و دڵ و مێشکی ئێمەدا زیندووە، بۆ دووەمین ساڵیاد چەندین چالاکی گرنگمان ئەنجامداوە، سەرلەبەیانی لە ڕێگەی پانێڵێکەوە یادمان کردنەوە ئێستاش لەسەر مەزاری شەهید هێرۆین، تا بتوانین بەڵێنی بەردەوامی خەباتیان پێبدەین، هەڵبەت بیرو هەستمان لای شەهید گوڵستان تاراشە، لە ئێستادا ڕوفاتی لە باکووری کوردستانە ، بەداخەوە لە ئێستادا ناتوانین پێیبگەین. 

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: چالاکییەکانمان بەردەوامی دەبێت، سبەی لە ۲۳ی ئابدا کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیان لە شوێی شەهیدکردنیان دەبێت، سەرەڕای ئەوەی تورکیا ئامانجی کشانەوەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بوو، بەڵام ئێمە بەڵێنمان بە هاوکارانماندا درێژەپێدەری خەباتیان دەبین، ئێمە خاوەنداریمان لە هەردوو شەهید کرد، بنەماڵەکانیان خاوەنداری لە شەهیدەکان دەکەن، لە هەر بارودۆخێکدا ئێمە خاوەنداری لە خاک و شەهیدی خۆمان دەکەین.