لە سلێمانی ڕۆمانی "ناڵەی گەرمیانییەکی وێڵ" ناسێندرا
فەوزیە ساڵح مەنمی، لە٣٧هەمین ساڵڕۆژی ئەنفال، بەئامادەبوونی ژنانی نووسەر وچالاکوان، ناساندنی بۆ ڕۆمانێکی بەناوی "گەرمانییەکی وێڵ" کرد.

سلێمانی
دوانیوەڕۆی ١٤ی نیسان، لە ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە وپەرتوکخانەی ژنی کورد، لە شاری سلێمانی، لەلایەن نووسەر فەوزیە ساڵح مەنمی، ناساندن بۆ ڕۆمانی "ناڵەی گەرمیانییەکی وێڵ" کرا.
فەوزیە ساڵح مەمنمی، باسی ڕۆمانەکەی کردو وتی: لەناو ڕۆمانەکەدا باسی ئەنفال و گێڕانەوەی ژیانی تەیموورم کردووە، تەیموور هەر لەمنداڵیەوە تا ئەوکاتەی لە بیابان و لەدەم چاڵی مەرگ دەگەڕێتەوە و دەکەوێتە ناو خێڵە عەرەبیەکان، ئەو کاتەی دێتەوە کوردی نازانێت و عەرەبی دەزانێت و ئیتر بە قۆناغێکی زۆر ناخۆش و سەختا تێدەپەڕێت، تا دەگاتەوە ناو دارو پەردووی وێرانەی گوندەکەی، ئەوکات هاواری لێهەڵدەستێت، پیرێکی بەئەزموون کە هەر لەمنداڵیەوە ناو بەناو لەگەڵیدابوە لێیدەردەکەوێت، پێی دەڵیت تەیموور هەڵسەوە، ماوەی بەڕێکردنی بەشی دووەمی ژیانتە، لەو ماوەیەدا تەیموور بەپێی فەنتاسیای خەیاڵ لەناڵەی پرسیارێکەوە کە هاواری لێهەڵدەستێت، دەڵێت ئێمەی گەلی کورد خۆمان خاوەنی ئاینێک نەبووین؟، تاوایلێهاتوە لەژێر سایەی ووشەی ئەنفالدا بچەوسێینەوە، ئیتر ئەوکاتە دەیگەڕێنمەوە بۆ فەنتاسیای خەیاڵ لە ڕێگەی چل سوارەی نادیاروە، دواتریش لەڕێگەی ئەسپی باڵدارەوە دەیگەڕێنمەوە بۆ ناو قووڵای مێژووی سرووشت پەرستی و ئێزدی و سەردەشتی و مانی و مەزدەکی یارسان و دەچێتە ناوقووڵای هەموو سەردەمەکان، لەوێدا هەموو ئەو دابوونەریت و کولتوورانەی کورد کە لێمان شێونرابوو یان کاڵ کرابۆوە یان ناحەزان بردبویان، ئەو مێژوویەشی کە دووژمنان نووسیویانەتەوە و لێیان شێواندووین، لەم ڕۆمانەدا هەموویم ڕاست کردۆتەوە، بە بەکارهێنانی ٤٥ سەرچاوە مێژوویی، کەتێیدا هەموو بۆنە و یادە کوردیەکانم نووسیوەتەوە، لەناو ڕۆمانەکەدا نیمایشی خۆیان دەکەن.
تریفە حەمە ڕەشید، بەڕێوبەری ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە وکتێبخانەی ژنی کورد، باسی ئەنفالی کردو وتی: ڕێکەوتی ١٤ی نیسان، ڕۆژی ساڵڕۆژی جینۆسایدی ئەنفالە لەسەر گەلی کورد بەدەستی ڕێژێمی بەعس، جینۆسایدێک و تراژیدیایەکی زۆر گەورەبوو، ئەستەمە میلەتی کورد لەبیری بکات، ئناساندنمان بۆ کتێبێک هەبوو، لەنووسینی فەوزیە صاڵح مەنمی، بەناونیشانی( ناڵەی گەرمیانییەکی وێڵ)، بۆیە خستمانە ئەم ڕۆژەوە لەبەرئەوەبوو ئەویش لەسەر ئازارەکانی ئەنفال نووسی بووی، ئەو جینۆسایدەی لەناو گەلی کوردا ڕوویدا لەناو ڕۆمانەکادا بەجوانی بەرجەستەکراوە، شتێکی تریش کەلەناو ڕۆمانەکادا زۆر گرنگە و چەند جارێک ئاماژەی پێداوە، ئەویش کەلتور ئەو شتە دزراوانەیە کە لەمیلەتی کورد دزراوە، دووبارە بیداتەوە بە گوێی میلەتی کوردا کە ئەمانە هی کوردن و میلەتەکانی تر بۆخۆیانیان بردووە و بەکاریان هێناوە، ئەمانەش زۆر گرنگن بۆ خوێنەری کورد بۆئەوەی جارێکی تر بیگەڕێنەوە بۆ ناو میللەتی کورد.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا دەربارەی یادکردنەوەی ئەم ڕووداوە دواو ئاماژەی بەوەکرد، یادکردنەوە شتێکی زۆرگرنگە، جابۆ بۆنەیەکی تراژیدی یان خۆشی بێت یان یادکردنەوەی شەهیدان بێت، ئەمانە زۆر گرنگن، چونکە ئەم شتانە ئەگەر یادکرانەوە لەبیرناکرێن، نەوە دوای نەوە ئەڕوات و دەزانێت مێژووەکەی چیە و بەچیدا تێپەڕیوە، پێوویستە ئەو کەلێنانەی کەهەیە نەوەکانی داهاتوو بتوانن چارەسەریان بکەن، بۆ چالاکیش دەتوانرێت چالاکی زۆر ئەنجام بدرێت جا هونەریبن یان سەردانی ئەو شوێنانە بکەین کە جینۆسایدی تێدا ڕوویداوە، یان بەکردنەوەی پێشانگا و شانۆ بێت، ئەمانەش کاریگەریەکی زۆری لەسەر کۆمەڵگە هەیە.