لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ٤ ژن دەستبەسەرکران

ڕێکخراوی هەرانا ئاشکرایکرد، چوار ژن لە شارەکانی ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتکارەکانی ڕژێم دەستبەسەر کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا دەربارەی دەستبەسەر کردنی ژنان لە ئێران لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ٢ی نیسانی ئەمساڵدا، نەسرین ستوودە پارێزەر، چالاکوانی مافی مرۆڤی ئێران و زیندانیی سیاسیی پێشوو، جارێکی دیکە بەبەکارهێنانی توندوتیژیی لە ماڵەکەی خۆی و بەبێ فەرمانی دادوەر لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئیران دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە، لە کاتی دەسبەسەرکردندا، دەست بەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی ناوبراو گیراوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ١ی نیسانی ئەمساڵدا، ماندەنا ستوودە لەگەڵ هاوژینەکەی بەناوی بەهزاد بەسیری دانیشتووی شاری شیراز بەبەکارهێنانی توندوتیژیی و بەبێ فەرمانی دادوەر لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەستبەسەر کراون و تا ئێستا جارەنووسیان دیار نییە، هەروەها لەکاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزەکانەوە هەندێک ئامێری ئەلیکترۆنی دەستی بەسەرداگیراوە.

 

ئەوەش ئاشکرا کراوە کە لە ١ی نیسانی ئەمساڵدا، مینۆ ئەندەخاس هاووڵاتی بەهایی لە شاری ساری بەبێ فەرمانی دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە، هەروەها پێشتریش لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا ماڵی ناوبراو بەبێ ئامادەبوونی پشکنین بەشێک لە کەلوپەلی تایبەتیی دەستی بەسەردا گیرا.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ٣٠ ئاداری ئەمساڵدا، مەهسا ستوودە تەمەن ٢٥ ساڵ و دانیشتووی شاری شیراز لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەستبەسەرکراوە و تا ئێستا چارەنووسی بەنادیاری ماوەتەوە.