«لە ئەکبەلەن قڕکردنێکی دڕندانە چاوەڕێمان دەکات»

بەشی شەشەمی ئەنجومەنی دەوڵەت، داواکارییەکانی موڵکگرتنی خێرای ٦٧٩ پارچە زەوی لە ئەکبەلەن ڕەتکردەوە. ئیپەک ساریکا، پارێزەری دانیشتووانی ئیکیزکۆی، گوتی دادگا پشت بە ڕاپۆرتێک بەستووە کە بە پارەی کۆمپانیاکە ئامادە کراوە.

ئەلیف ئەکگول

 

ئیستەنبوڵ – دارستانی ئەکبەلەن، کە لە گوندێکی سەر بە قەزای میلای موغلا هەڵکەوتووە، بۆ دەرهێنانی کۆمەن بۆ وێستگە کارەباییە گەرماییەکانی یەنیکۆی و کەمەرکۆی و فراوانکردنی ناوچەی کانزاکاری، ماوەیەکی درێژە بووەتە ناوچەیەکی بەرخۆدان. دانیشتووانی ئیکیزکۆی لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تا ئێستا، بۆ پاراستنی دارستانەکان، باخەکانی زەیتوون و شوێنی ژیانی خۆیان، بەرخۆدانیان بەردەوام کردووە.

 

ئەو خەباتەی دژی پلانی کۆمپانیای YK Enerji، بە هاوبەشیی کۆمپانیاکانی لیمەک و ئیچتاش، بۆ فراوانکردنی ناوچەی کۆمەن و کانزاکاری بەردەوامە؛ خەباتێک کە هەم بۆ پاراستنی سروشتە و هەمیش خەباتی گوندنشینانە بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان. دوا جار، دوای ئەوەی داواکارییەکانی موڵکگرتنی خێرای ٦٧٩ پارچە زەوی لە دەوروبەری ئەکبەلەن، لەلایەن بەشی شەشەمی ئەنجومەنی دەوڵەتەوە ڕەتکرانەوە، بەرخۆدانی ناوچەکە جارێکی تر خراوەتەوە سەر ڕۆژەڤ.

 

بەشی شەشەم لە مانگی ئایاردا بە هاودەنگی بڕیاری وەستاندنی موڵکگرتنی دەرکردبوو. بەڵام لە بڕیارە نوێیەکەدا، بە پاساوی تەواوبوونی پاشەکەوتی کۆمەن، ئاسایشی وزە و کەمکردنەوەی کەمیی وزە، بڕیارەکەی بە دروست زانیوە.

 

ئیپەک ساریکا، پارێزەری گوندنشینانی ئیکیزکۆی، گوتی ئەوەی لە ئەکبەلەن ڕوودەدات، دەتوانێت کاریگەریی خراپی لەسەر ئاوەکانی ناوچەکە هەبێت و  وتی: «ئەگەر ئەوەی داوای دەکرێت جێبەجێ بکرێت، قڕکردنێکی دڕندانە چاوەڕێمان دەکات و ئێمە بە چاوەکانی خۆمان دەبینە شاهیدی ئەوە».

 

«DSİ ڕاپۆرتی: ناوچەکە مەکەنە ناوچەی کانزاکاری، پێشکەش کردووە»

ئیپەک ساریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە تەنها لە ڕووی فراوانیی ناوچەکەوە گرنگ نییە، بەڵکو شوێنی جوگرافیایی ئەو ناوچەیەش گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە دامودەزگا حکومییەکان خۆیان چەند ساڵێک لەمەوبەر ئاگادارییان لەبارەی مەترسییەکانی ئەم ناوچەیە دابوو و وتی:

«بەشی شەشەمی ئەنجومەنی دەوڵەت بڕیاری موڵکگرتنی خێرای ئەکبەلەنی هەڵنەوەشاندەوە، بەڵکو بە شێوەیەک کە هەرگیز چاوەڕێم نەدەکرد، داواکارییەکەی ڕەتکردەوە. نزیکەی ١٠٠ پەڕگەی دادگایی هەن. ئەم پەڕگانە نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو ناوچانەن کە موڵکگرتنیان بۆ کراوە. یەک لەسەر سێی ناوچەکە و زیاتر لەو شوێنانەی موڵکگرتنیان بۆ کراوە، لە باکووری ناوچەی کانزاکاریدا هەڵکەوتوون.

 

ڕێکخراوی ئاو و ئاودێری (DSİ) لە ساڵی ٢٠٠٥دا ڕاپۆرتێکی ئامادە کرد. لەو کاتەدا ئەم ناوچەیە هێشتا هی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبای یەنیکۆی کەمەرکۆی نەبوو، بەڵکو هی دامەزراوەی TKİ بوو.

 

DSİ لە ڕاپۆرتەکەیدا کە بۆ TKİ ئامادەی کردبوو، دەڵێت لە بەشی سەرەوە، لە لایەن کاراجاهیصار، ناوچەیەک هەیە کە ئاو لێیەوە سەرچاوە دەگرێت و ڕوون دەکاتەوە: «ئەو شوێنە سەرچاوەی ئاوی ناوچەکە و بودرومە. بۆ ناوچەی کانزاکاری نەچنە ئەوێ. لە بەشی خوارەوە، واتە لای کانەکانی سەککۆی، ناوچەی کانزاکاری فراوان بکەن». ئێمە لە ڕۆژی دانیشتنی دادگادا ئەم دیدگایەی کە DSİ لەو کاتەدا لە ڕاپۆرتەکەیدا خستبوویەڕوو، بە وردی ڕوون کردەوە».

 

«ڕاپۆرتێک کە بە پارە کڕدراوە»

ئیپەک ساریکا هەروەها ناڕەزایی خۆی لە پاساوی ئەنجومەنی دەوڵەت سەبارەت بە ئاسایشی وزە دەربڕی و گوتی دادگا هەردوو ڕاپۆرتەکەی بەراورد نەکردووە. ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی:

 

«ئێمە ئاماژەمان بە ڕاپۆرتی ئەنجومەنی ئەندازیارانی کارەبا (EMO) کرد. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە تورکیا پێویستی بەو وزەیە نییە کە لە سێ وێستگەی کارەبایی گەرماییدا بەرهەم دەهێنرێت. ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە کە تەنانەت ئەگەر ئەم وێستگانەش نەبن، هێشتا دەتوانرێت کارەبا بەرهەم بهێنرێت و دابەش بکرێت.

 

ناوچەکانی ئایدین، دەنزلی و ئیزمیر تەنها پشت بەو وێستگانە نابەستن. وێستگەی زۆر هەن و بەردەوام کارەبا بەرهەم دەهێنرێت. بەڵام دادگا بە پێچەوانەی ڕاپۆرتی EMO، پشت بە ڕاپۆرتی ئەو مامۆستایانە بەستووە کە لە ناوەندی پڕۆفێشناڵی ئیستانبوڵ (İTO) ئامادەیان کردووە.

 

ئەمە ڕاپۆرتێک نییە کە لەلایەن دامەزراوەیەکی حکومییەوە پێشکەش کرابێت، بەڵکو خزمەتگوزارییەکەی کڕیوە و ڕاپۆرتێکە بە پارە ئامادە کراوە و دادگا پشت بەو ڕاپۆرتە بەستووە. لە بڕیارەکەدا بە کورتی ئاماژە بە هەردوو ڕاپۆرتەکە کراوە، بەڵام بەبێ بەراوردکردنیان و بەبێ ڕوونکردنەوەی هۆکارەکان، ڕاپۆرتەکەی کۆمپانیاکە وەک بنەما وەرگیراوە».

 

«لەو ناوچەیەوە لە ساڵانی ١٩٨٠ەوە بەردەوام خەڵک ئاوارە دەکرێن»

 

ئیپەک ساریکا ئاماژەی بە دەنگی ناڕەزایی لەناو لیژنەی دادگاییدا کرد و هەڵوێستی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی دەوڵەتی و هەڵسەنگاندنی دادگای شی کردەوە. گوتی پشتگوێخستنی ئەو بۆچوونانە، دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاوارەبوونی ئەو خەڵکەی ساڵانێکە لە ناوچەکەدا بەردەوامە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی:

 

«دەنگێکی ناڕەزایی هەیە. لەو دەنگە ناڕەزاییەدا، وەک ئێمەش ئاماژەمان پێدا، پشت بە ڕاپۆرتی EMO و هەڵسەنگاندنەکانی پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دەبەسترێت و داوا دەکرێت بڕیارەکە هەڵبوەشێندرێتەوە.

 

دادوەری ئەنجومەنی دەوڵەتیش دەڵێت: «هیچ بارودۆخێکی فریاکەوتن لە ئارادا نییە. ئەگەر دژی ئەم بۆچوونە بن، پێویستە لێکۆڵینەوە و پشکنینی مەیدانی بکرێت و پاشان بڕیار لەسەر دۆسیەکە بدرێت».

 

دادوەری لێکۆڵینەوەش پێی وایە پێویستە بڕیاری پەسەندکردنی داواکارییەکە بدرێت، بەڵام بەداخەوە دادوەرەکانی تر پێچەوانەی ئەم بۆچوونەن و بڕیارێکیان بەبێ هۆکار دەرکردووە.

 

ئەنجامەکانی ئەم بڕیارەش قورس دەبن. لە هەمووی پێشترەوە، خەڵک زیانی زۆر دەبینن. لەو ناوچەیەوە لە ساڵانی ١٩٨٠ەوە بەردەوام خەڵک ئاوارە دەکرێن. لە پڕۆسەی پێشووی موڵکگرتن لە ناوچەی ئیشیکدەرە، بە خەڵکیان گوتبوو: «ڕوو لە دەشتەکە بکەن». خەڵک بۆ دەشتی ئەکبەلەن ئاوارە بوون، بەڵام کێشەی دابەشکردنی زەوی دەرکەوت.

 

لە پارچە زەویەکی بچووکدا، تەنها بەشێکی کەم لە زەویەکە دەکەوێتە بەشی حەوت یان هەشت خوشک و برا. بیر بکەنەوە، بەو پارەیەی لە فرۆشتنی ئەو بەشە بەدەستتان دەکەوێت، چۆن دەتوانن ژیانی خۆتان بنیاد بنێن؟ بەدڵنیاییەوە ئەمە ناکرێت. لە زەویە بچووکەکاندا گا و مەڕ پەروەردە دەکەن. بەڵام ڕۆژێک ژیانی ئەوانیش کۆتایی دێت و سروشتی ئەو ناوچەیەش لەناو دەچێت».

 

ئیپەک ساریکا هەروەها ئاماژەی بە قەیرانی ئاو لە بودروم کرد و ڕایگەیاند کە سیاسەتی ئاوی دەوڵەت لەناخۆیدا ناکۆکی هەیە. ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی:

«لە کاتێکدا بودروم ڕووبەڕووی کەمیی ئاوە، پلاندانراوە لە میللاسدا بەندی بودروم دروست بکرێت. بڕیاری هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ژینگەیی (ÇED) دەرچووە و دۆسیەکە ئێستا لە ئەنجومەنی دەوڵەتدایە.

 

لە شوێنێکدا کە پێویستە سەرچاوەکانی ئاو بپارێزرێن و بەکاریان بهێنرێت، کۆمپانیاکە کانیی کۆمەن دەکاتەوە کە دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئاو! واتە لە کاتێکدا بودروم تووشی کەمیی ئاوە، لەلایەکەوە بۆ دەوڵەمەندان بەنداو دروست دەکرێت و لەلایەکی تریشەوە هەوڵ دەدرێت سەرچاوەکانی ئاو لەناو ببرێن. ئەوەی ئەم مەترسییەی ئاماژە پێکردبوو، خودی دەوڵەت و ڕێکخراوی DSİ بوون، بەڵام ئێستا پڕۆسەیەک بە پێچەوانەی ئەو هەڵوێستەوە بەڕێوە دەچێت».

 

«بڕیاری وەستاندنی پرۆژەکە لە میللاس لەوانەیە لە ماوەیەکی نزیکدا هەڵبوەشێندرێتەوە»

پارێزەرانی دانیشتووانی ئیکیزکۆی خۆیان ئامادە دەکەن بۆ گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ ئەنجومەنی لیژنەکانی کارگێڕیی ئەنجومەنی دەوڵەت.

 

ئیپەک ساریکا ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاری وەستاندنی پرۆژەکە لە میللاس گەرەنتییەکی هەمیشەیی نییە و گوتی گوندنشینان پێنجشەممەی ڕابردوو لە میللاس کۆبوونەوە و بڕیاریان داوە خاک و زەوییەکانیان بەجێ نەهێڵن.

ئەو لە کۆتایی قسەکانیدا وتی:

 

«دۆسیەکانی دیاریکردنی نرخ و داواکارییەکانی دەستبەسەرداگرتنی زەوی، هێشتا لە دادگای بنەڕەتیی مەدەنیی ژمارەی دووی میللاسدان. دادگا بڕیاری داوە تا تەواوبوونی پشکنینی دۆسیەکان، پرۆسەکە بوەستێنرێت، بەڵام ئەم بڕیارە هەمیشەیی نییە، چونکە دادگا هەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت بڕیارەکەی بگۆڕێت.

 

هەموو ڕۆژێک مەترسییەک لەسەرمان هەیە و هەمیشە لە مەترسیداین. هیوادارین ئەنجومەنی لیژنەکانی کارگێڕیی ئەنجومەنی دەوڵەت بە خێرایی بڕیار بدات. ئەگەر نا، لەوێ قڕکردنێکی دڕندانە ڕوودەدات و ئێمە بە چاوی خۆمان دەبینە شاهیدی ئەوە.

 

بێگومان ئەوەی پێویستە بکرێت، بەردەوامبوونە لە بەرخۆدان و بەجێنەهێشتنی ناوچەکان. نابێت هیوا لەدەست بدەین. پێنجشەممەی ڕابردوو جارێکی تر لە میللاس بووین و لەوێش بڕیارمان دا بەرخۆدان بکەین و ناوچەکانمان بەجێ نەهێڵین».