لە سلێمانی پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بە ناونیشانی '' وێنە دەگمەنەکان'' کرایەوە

بەڕێوەبەرایەتی لاوانی پارێزگای سلێمانی و ناوەندی وەرزشی لاوانی کوردستان، بە ئامادەبوونی بەشێک لە فۆتۆگرافەران، پێشانگایەکی فۆتۆگرافەرییان بە ناونیشانی"وێنە دەگمەنەکان" کردەوە.

سلێمانی

 

 

 پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی مۆزەخانەی ئەمنەسورەکە، لە شاری سلێمانی، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی لاوانی پارێزگای سلێمانی و ناوەندی وەرزشی لاوانی کوردستان، بە هاوکاری کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان، پێشانگایەک بە ناونیشانی "وێنە دەگمەنەکان"، بە ئامادەبوونی بەشێک لە وێنەگران و کەسانی ناودای شاری سلێمانی کرایەوە، کە تێیدا کۆمەڵێک وێنەی جوان و دەگمەنی سروشتی کوردستان و زۆرێک لە ژنانی تەواوی پارچەکانی کوردستان کە لە لایەن وێنەگرانی کوردەوە گیرابوون نمایشکران، هەروەها پێشانگاکە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

 

''هیوادارم دایکان و باوکان منداڵەکانیان بۆ سەردانی پێشانگاکان بهێنن، تا بتوانن ئاشنایی سروشت و خاکی کوردستان ببن''

ئارینا شێرزاد، شێوەکار و ئامادەبوو، وتی: هەبوونی پێشانگایەک بۆ پیشاندانی پارچەکان و خاکی کوردستان کارێکی گرنگە، هەروەها زۆرێک لەهاوڵاتیان ناتوانن سەردانی سروشتی کوردستان بکەن، بەڵام ئەم پێشانگایە کە لە لایەن گروپی گەنجانەوە کراوەتەوە، توانیویەتی تەواوی وەرزەکان و سروشت و شاخەکانی کوردستان لە ناو ئەم هۆڵەدا بخاتە بەر دیدی هاوڵاتیان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕایگەیاند: هیوادارم دایکان و باوکان منداڵەکانیان بۆ سەردانی پێشانگاکان بهێنن، تا بتوانن ئاشنایی سروشت و خاکی کوردستان ببن، هەروەها بۆئەوەی ئیتر نەوەی نوێ لەسەر فکرێکی کوردانە گەورەببێت، تا بتوانن خاک و زێدی خۆیان بناسن.

 

"پێویستە نەوەی نوێ ئاشنایی سروشت بکرێت"

کەژاڵ هادی، ئامادەبوو، وتی: ئێمە لە ڕێگەی گرووپی شاخەوانییەوە سەردانی ئەم پێشانگایەمان کردووە، هەروەها سەرەڕای گەڕانم بە چەندین ناوچەی کوردستاندا، بەڵام هەبوونی ئەم پێشانگایانە زیاتر تامەزرۆم دەکات بۆ بینی سروشتی کوردستان.

 

لە کۆتای قسەکانیشیدا، وتی:  هەبوونی ئەم پێشانگایانە بۆنەوەی نوێ زۆر گرنگە، پێویستە لایەنی پەیوەندیداریش گرنگی بە بابەتی سروشت و پیشاندانی بۆ نەوەی نوێ بدات، تا وەکو خاکی خۆیان بپارێزن و بەجێی نەهێڵن.