سلێمانی
ئەمڕۆ ٨ی کانوونی دووەم، لە نوسینگەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان لە سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەچوو بۆ شەرمەزارکردنی هێرشە دووبارەکان کە لەسەر گەڕەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە، داوای وەستاندنی توندوتیژی و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان دەکرێت.
فەتحوڵا حوسەینی، نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا ڕایگەیاند، ئەو ناوچانە کەوتوونەتە ژێر هێرشی توندوتیژانە و زیانی مرۆیی و ماددی زۆریان لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی نیگەرانییەکی زۆر بۆ هاوڵاتیان، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر گەڕەکە کوردییەکان، لەلایەن گرووپە چەتەکان ئەنجام دەدرێن، ئەوان نایانەوێت ئارامی بۆ سووریا بگەڕێتەوە و هەموو نەتەوەکان پێکەوە بژین، داوا لە وڵاتانی هاوپەیمانان دەکەین کار بۆ وەستاندنی ئەو شەڕە بکەن، چونکە سووریا لە قۆناغێکی مەترسیداردایە و ئەو شەڕانە ئامانجیان تەنها لەناوبردنی گەلی کوردە.
وتیشی: دەبێت وڵاتانی زلهێز و هاوپەیمان بەتاینەت ویلایەتە یەکگرتووەکان رۆلی باڵایان هەبێت لە وەستاندنیی ئەو هێرشانەو دەبێت تورکیا رابگرن لەو هێڕشانەی کە بە حکومەتی سووریای دەکات، سووریا لە ئێستادا بەرگەی شەڕی دیکە ناگرێت و دەبێت وڵاتانی هاوپەیمانان و کار بکەن هۆ وەستاندنی ئەو شەڕە، ٦١ ساڵ بەعس و بنەماڵەی ئەسەد سووریای بەرێوە برد ئێستا قبووڵی ناکەین کە هیچ هێز و لایەنێکی دیکە سووریا بەش بەش بکات و لەناوی ببات.
ڕووبار مەجید، ئەندامی بەرەی پشتیوانیی ڕۆژئاوا، ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەتی نوێی سووریا بەردەوامە لە شکاندنی ئاگربەست و ڕێکەوتنەکان، و جەختی کردەوە: دیمەشق تەنها وڵاتی یەک نەتەوە نییە و دەبێت هەمووان لە ژێر چەتری ئاشتیدا بژین، ئەم کارانە جینۆسایدی گەلی کوردە لەبەرچاوی جیهاندا، ئێمە داوا لە ڕەوەندی کوردی لە ئەورووپا دەکەین چالاک بن، و داوا لە تورکیاش دەکەین هێرشەکان ڕابگرن،ئێمە وەک بەرەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و خۆسەر داوا لە هاوپەیمانان دەکەین بێدەنگی بوەستێن و کار بۆ وەستاندنی شەر بکەن و هەروەها رەوەندی کوردی لە ئەوروپا چالاکیان هەبێت و داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین کە ئەو شەڕانە بوەستێنن.
دایکی پەرچەم، بەرپرسی لقی سلێمانی کۆمەڵەی ئافرەتان وتی : ئێمە ئەمرۆ ئەم کۆنگرەیەمان کردووە بۆ ئیدانە کردن و سەرکۆنە کردنی ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە دەکرێتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ئەم هێڕشانە پیلان بۆ دانراون، ئەو هێرشانە کە دەکرێنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان بێ گوومان دەبێتە مەترسی و بۆ سەر باشووری کوردستان و ئەگەر هەیە کە ئەو هێرشانە بکرێنە سەر باشووریش بۆیە پێویستە کار بکرێت بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە.




