لە شاری دەرعای سووریا گوڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە
لەگەڵ دۆزینەوەی دوایین گۆڕی بەکۆمەڵ لە شاری دەرعا لە سووریا، پاشماوەی ئەو ژن و منداڵانەی تێدایە کە بە زیندووی سووتێندراون، ژمارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە دۆزراونەتەوە بۆ ٥ گۆڕ زیادی کردووە.
ناوەندی هەواڵ
گوندی قەرفای سەر بە پارێزگای دەرعا لە سووریا کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی ٥ هەزار کەسە، یەکێکە لەو ناوچانەی کە لە سەردەمی قەیرانی سووریادا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا سەدان دانیشتووی ئەم گوندە بە ژن و منداڵەوە کوژراون.
ڕۆژی ٢٢ی کانوونی یەکەم، دانیشتووانی گوندی قەرفا لە پەراوێزی شاری دەرعا گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزییەوە، کە پاشماوەی ٩٣ هاوڵاتی مەدەنی منداڵ و ژنە.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویان کردووەتەوە، سەرجەم قوربانییەکان بە زیندووی سووتێندراون، ئەم زانیاریانە لە ڕێگەی دانپێدانانی بەشێک لە ئەندامانی لقی "زانیاری سەربازی" سەر بە ڕژێمی پێشووی سووریا لە شاری دەرعا دەستکەوتووە.
ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاند، ئەمە پێنجەمین گۆڕی بەکۆمەڵە کە لەم ناوچەیەدا دۆزراوەتەوە و بەڵگەنامەیەکی دیکەی پێشێلکردنی مافی دانیشتووانی چەند ناوچەیەکی سووریایە لەماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سووریاوە تا ئێستا پێنج گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە کە پاشماوەی سەدان قوربانییان تێدایەو ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵن.