قامیشلۆ
لە کۆمەڵگەیەکدا، کە توندوتیژی دژی ژنان هێشتا بە شێوازی جیاواز خۆی نیشان دەدات، پاراستنی ماف، ناسنامە و ئازادیی ژنان تەنها بەرپرسیارێتیی ژنان نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە. هەر لەبەر ئەوە، تێکۆشانی دژی توندوتیژی دەبێت لە چوارچێوەی ڕۆژێک تێپەڕێت و ببێتە هەڵوێستێکی کۆمەڵگەیی بەردەوام، لەسەر بنەمای یەکسانی، دادپەروەری و ڕێزگرتن لە بوونی ژنان دامەزراوە.
لەم چوارچێوەیەدا، پلاتفۆرمی چالاکییە هاوبەشەکانی تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان ئەمڕۆ لە باخچەی ئازادیی شاری قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان، وۆرکشۆپێکی دیالۆگی بە بەشداریی ژمارەیەک لە تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان ساز کرد.
وۆرکشۆپەکە بە دروشمی “بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان، یەکگرتوو بن، ژن ژیان ئازادی” بەڕێوە چوو، ئامانجیشی کردنەوەی گفتوگۆیە لەسەر ڕێگە و ڕێبازەکانی تێکۆشانی دژی توندوتیژی، یەکڕیزیی هەوڵەکانی ژنان و بەهێزکردنی پشتگیریی کۆمەڵگەیی بۆ بونیادنانی ژیانێکی ئازاد و بێ توندوتیژی.
گرنگیی تێکۆشانی ژنان
دوای خولەکێک ڕێزگرتن، لەسەر ناوی پلاتفۆرمی چالاکییە هاوبەشەکانی تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان بێریڤان عومەر بەخێرهاتنی هەموو بەشداربووانی وۆرکشۆپەکەی کرد، سەرنجی خستە سەر گرنگیی تێکۆشانی ژنان بۆ پاراستنی ماف و ئازادی و دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی، هەروەها ٢٥ی تشرینی دووەم دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی بەڵێن و هەڵوێستە هاوبەشەکان لە پەرەپێدانی تێکۆشانی دژی توندوتیژی لەسەر.
لە وۆرکشۆپەکەدا، سێ بابەتی سەرەکی هەن، لە لایەنی سیاسەتەوە سەمەر عەبدوڵا، لە لایەنی دادوەرییەوە ئیلهام مێتڵی و بابەتی ئەنتیگراسیۆن لە لایەن بێریڤان خالیدەوە گفتوگۆ دەکرێن، هەر یەکێک لەم بابەتانە لە لایەنێکی جیاوازەوە هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخ، ماف و ئەو ئاستەنگانە دەکرێت کە لەبەردەم ژناندا هەن.




