لە ناوچە داگیرکراوەکان توندوتیژی زیادی کردووەو باوکێک ئازاری کچەکەی دا

ناوچە داگیرکراوەکان ڕۆژانە شایەتحاڵی تاوانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان و منداڵانن لە لایەن چەتەکانی داگیرکەری تورکیا کە بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک لە تاوانباران بەردەوامی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێژەی توندوتیژی و تاوان و ڕووداوی کوشتن دژی ژنان لەو ناوچانەی تورکیا و چەتەکانی داگیریان کردووە لە زیادبووندایە، ئەمە جگە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و تاوانی ئەشکەنجەدان و گرتن و لەسێدارەدانی مەیدانی، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی خانووبەرە و موڵکی تایبەتی خەڵک.

 

گرتە ڤێدیۆییەکی ١٥ چرکەیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و تێیدا دەرکەوتووە کە منداڵێک لەلایەن باوکیەوە کە چەتەیەکی سەر بە داگیرکەری تورکیایە لە شاری عەزازی داگیرکراو بە شێوەیەکی دڕندانە لە کچەکەی دەدات و دەستدرێژی دەکاتە سەر.

 

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت کە باوکەکە چۆن ئازاری منداڵەکە دەدات، بە لێدانی و ڕاکێشانی قژی و چەند جارێک لێدانی تا لە توندی لێدانەکە دەکەوێتە خوارەوە، دواتر فەرمانی پێدەکات بوەستێت، وەک دەردەکەوێت هەڕەشەیەک بۆ سەر منداڵەکانی دیکەی، کاتێک خوشکەکانی دێن و کارەکەی دەبینن.

 

ئەو کەسەی لە کچەکەی داوە، چەتەیەکی دەوڵەتی تورکیا بووە بە ناوی “حەمودە حەمیدۆ”، کە ئامادەنەبووە چاوی بە منداڵەکانی بکەوێت لەگەڵ دایکیان.