لە ماوەی ساڵێکدا لانیکەم ١١٠ ژن لە ئێران کوژراون

ڕێکخراوی هەرانا ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٥ـی نۆڤەمبەری ۲۰۲٤ تا ۲٥ـی نۆڤەمبەری ۲۰۲٥، لە ئێران ۱۱٠ ژن کوژراون و هۆشداری دەدات، کە ئامارەکان زۆر زیاترن بەڵام شاراوەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا لە ڕاپۆرتێکدا، کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان بڵاوی کردەوە، ئاشکرای کرد، کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا، لە ماوەی ٢٥ـی نۆڤەمبەری ۲۰۲٤  تا  ۲٥ـی نۆڤەمبەری  ۲۰۲٥، لانیکەم ۱۱٠ ژن لە سەرانسەری ئێراندا کوژراون.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم ئامارە تەنها حاڵەتە پشتڕاستکراوەکانە و ڕەنگە ڕێژەی ڕاستەقینەی توندوتیژی و کوشتنی ژنان لەم وڵاتە زۆر زیاتر بێت.

 

لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا، هەرانا ۱۸۱ ڕاپۆرتی بە بەڵگەوە تۆمار کردووە، کە ۳۲٠ دۆسیەی پێشێلکردنی مافی ژنانی لەخۆ گرتووە. هەرچەندە ئەم ئامارە تەنها بەشێکی بچووکە لە چاو دۆخی ڕاستەقینە، بەڵام بەپێی ڕێکخراوەکە بە “ڕوونی قەبارەی توندوتیژیەکی کوشندە” دژی ژنان دەردەخات.

 

ئاماژەی بەوەکردووە، جگە لە حاڵەتەکانی کوشتن،  لانیکەم ۹۳ دۆسیەی توندوتیژیی زۆر سەختی دژی ژنانی لە ئێران تۆمار کردووە، لەم دۆسیانەدا ٦۳ حاڵەتی دەستدرێژی و ئازاردانی سێکسی، ١١ حاڵەتی لێدان، نۆ دۆسیە لەژێر ناوی توندوتیژیی ناوخۆیی خێزان، یەک حاڵەتی خۆسووتاندن و یەک حاڵەتی خۆکوشتن، کە پەیوەست بووە بە توندوتیژیی سێکسیی ڕەگەزییەوە تۆمار کراون.

 

هەرانا ئاماژەی بەوە داوە، کە بەهۆی بوونی تابۆی فەرهەنگی، فشاری خانەوادەکان و نەبوونی ڕێکارێکی سەلامەت بۆ ڕاپۆرتکردنی توندوتیژی لە ئێران، بەشێکی زۆری توندوتیژییەکان بە هیچ شێوەیەک تۆمار ناکرێن.