لە کەرکوک لەیلا قاسم بەبیرهێندرایەوە
لە مەڕاسیمێکدا لە شاری کەرکوک، یادی ٥١هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژنە تێکۆشەری کورد لەیلا قاسم کرایەوە.

ناوەندی هەواڵ
لەیلا قاسم، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێكی ھەژار و نیشتمانپەروەری كورد لە دایكبووە، لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواو كردووە، ساڵی ١٩٧١ لە خانەقینەوە ماڵیان گواستۆتەوە بۆ بەغدا، لە ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی كۆمەڵناسی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا خوێندویەتی، لەیلا كە ھەر لە تەمەنی منداڵییەوەی ھەژاری و نەداری چەشتبوو، لەلایەكیش و زوڵم و زۆرداری ڕژێمی عێراق لەسەر گەلی كورد، بیری ئازادیخوازانە و خەبات و تێكۆشانی لەلای لەیلا قاسم دروستكردبوو.
ڕژیمی بەعس بەمەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری كورد یەكسەر دوای دەستگیركردنیان دادگایەكی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێكانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەركرد، ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیركردنیان تێنەپەڕیبوو، كە كاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی١٢/٥/١٩٧٤ لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێكەی لەسێدارەدران.
ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بە كوردستاندا بڵاو بۆوە، ھەروەھا ھەندێك لە ڕاگەیاندنەکانی ئەوکاتەی جیھان ھەواڵی لە سێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەك لەسێدارەدانی یەكەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاوكردۆتەوە، بێگومان لەسێدارەدانی ژنە كوردێك بەدەستی ڕێژیمی عێراق كاریگەرییەكی گەورەی كردە سەر لاوانی ئەو سەردەمەی كورد، كە ئەمەیش بووە ھۆی ئەوەی بە ھەزاران لاوی كورد پەیوەست بن بە دۆزی گەلەكەیان و ڕوو لە چیاكان بكەن.
دوای لەیلا قاسم لە سەرتاپای كوردستان ھەزاران منداڵی كورد بە ناوی لەیلاوە ناونران، لەیلا قاسم بوو بە چیرۆك و داستان و ھەڵبەستی شاعیرانی گەورەی كوردی وەك جگەرخوێن و هێمن و زۆری تر.
ئێوارەی ١٢ی ئایاری ٢٠٢٥، لە بارەگای یەکێتی کوردانی فەیلی، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەمەبەستی یاد کردنەوەی ٥١هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژنە تێکۆشەری کورد شەهید لەیلا قاسم، لە مەڕاسیمێکدا یادی ئەو ژنە شۆرشگێرە کوردە کرایەوە.
لە مەڕاسیمەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە، هەروەها کەسایەتی ووڵاتپارێز، رۆشنبیر، نوێنەری حزب و لایەن، ڕێکخراو و چالاکوانان ئامادەبوون، مەڕاسیمەکەش بە خوێندنەوە قورئانی پیرۆز و پاشان بەخولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان لەسەر دەنگی سرودی نشتیمانی "ئەی ڕەقیب" بەڕێوەچوو.