لە کەمپی هۆڵ ئۆپراسیۆنێکی ئەمنی دەستی پێکرد
فەرمانداری گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە کەمپی هۆڵ دەستی بە ئۆپراسیۆنێکی ئەمنی کرد.

ناوەندی هەوال- فەرمانداری گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەربارەی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێكی ئەمنی لە کەمپی هۆڵ ڕاگەیاندراوێكی نوسراوی بڵاو کردەوە.
ڕاگەیاندراوەکە بەمجۆرەیە:
"لەم دواییانەدا هەم لە ڕووی سەربازی و هەم لە ڕووی سیاسییدا، هەرێمەکەمان ڕووبەڕووی چەندین پێشهات و ڕوداو بوویەوە. ئەم پێشهاتانە دەرفەتی بۆ شانە نوستووەکانی داعش ڕەخساندوە جموجوڵ زیاد بکەن و کاری تیرۆر ئەنجام بدەن. لەسەر ئەم بنەمایە، داعش چەندین چالاکی تیرۆری لە دژی مەدەنییەکان و هێزە سەربازییەکانمان ئەنجام داوە. لە هەمانکاتدا هەوڵە سەربازییەکانیان و سەرلەنوێ ڕێکخراوبوونیان زیادی کردوە.
کەمپی هۆڵ کە بە دەیان هەزار بنەماڵەی داعش تێیدا نیشتەجێن، دۆخێکی ئاوارتە نیشان دەدات. وەک هۆکارێک بۆ کارەساتی ئێستا و داهاتوو سەیر دەکرێت، بەتایبەتی بەهۆی نەبوونی چارەسەری بنەڕەتی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، کە بارگرانییەکی قورس دەخاتە ئەستۆی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری. ئەمەش بە تایبەتی دوای ئەوەی پشتیووانی نێودەوڵەتی بۆ کەمپەکە کۆتایی هات، دۆخێکی ناسەقامگیری دروستکرد و ئاستەنگی و کێشەی مرۆیی و ئەمنی زیادی کرد.
لە کەس شاراوە نییە کە داعش چەندین جار هەوڵی داوە ئەقڵیەتی توندڕەوی لە مێشکی منداڵان و گەنجانی کەمپەکەدا بە شێوەیەکی ڕێکخراو بسپێنێت. هەروەها ناوەندی ڕێکخراوە مرۆییەکان لە ناو کەمپەکەدا ڕووبەڕووی چەندین هێرش بوونەوە.
لەسەر ئەو بنەمایە بۆ ئەوەی تیرۆریستان نەگەن بە ئامانجەکانیان، هێزەکانمان لە کات و شوێنی جیاوازدا لە دژی شانە نوستووەکانی داعش بە دەیان ئۆپراسیۆنی ڕێگریکردنیانی ئەنجام دا.
هەربۆیە بە پێی بنەما مرۆیی و سەربازییەکانمان و لە درێژەی تێکۆشانەکانماندا لە دژی تیرۆر، وەک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ- ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) و هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە)، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بۆ پاککردنەوەی کەمپی هۆڵ و دەوروبەری ڕادەگەیەنین.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لەسەر بنەمای زانیاری ڕاستەوخۆ کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانمانەوە دەستنیشانکراون سەبارەت بە بوونی شانە ڕێکخراوەکانی داعش لە ناوەوە و دەرەوەی کەمپی هۆڵ ئەنجام دەدرێت، کە هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری کەمپەکە و دەوروبەری دەدەن.
بەم ئۆپراسیۆنە جارێکی دیکە پێداگری و پاپەندبوونمان بە بەها مرۆییەکان و هەوڵی بەردەوام بۆ بنبڕکردنی تیرۆر کە ئەمنیەتی گەلەکەمان و جیهان دەخنە مەترسییەوە دووبارە دەکەینەوە."