زیاتر لە ١٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانی کردووە
بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە زیاتر لە ١١٣ هەزار گەشتیار سەردانی شاری سلێمانی و دەوروبەرییان کردووە، زۆربەیان عەرەبی ناوەڕاست و باشووری عێراقن.
ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و بە بازارکردنی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، زیاتر لە ١١٣ هەزار گەشتیار لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی شاری سلێمانی و دەوروبەری کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، کە گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژن و پێش جەژن لە ناوچە جیاوازەکانەوە سەردانی پارێزگای سلێمانیان کردووە، ٪٨٥ ئەو ۱۱۳ هەزار گەشتیارەی سەردانی شاری سلێمانی و دەوروبەریان کردووە خەڵکى ناوەڕاست و باشورى عێراقن.
ئەو گەشتیارانەی لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوو سەردانی شاری سلێمانی و دەوروبەرییان کردووە، بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە لە ڕێگەی بازگە، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانەوە هاتوون، لە ٨٥٪ى ئەو گەشتیارانە خەڵکى باشوور و ناوەڕاستى عێراق بوون و ئەوانى دیکەش خەڵکى ئێران و وڵاتانى دیکەى جیهان بوون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئامادەکاری پێویستیان ئەنجامداوە و پێشوازیان لە گەشتیاران کردووە، شوێنی پێویست بۆ مانەوەیان دابینکراوە و ڕێگری لە درووستبوونی هەر جۆرە پشێوی و گرفتێک کراوە.
زیادبوونی ژمارەی گەشتیار بۆ ناو شاری سلێمانی و دەوروبەری لە چەندین ڕووەوە دەتوانێت سوودی هەبێت، لە گەشەسەندنی ئابووری شارەکە، بە بازاڕکردنی زیاتر بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان و ئاشناکردنی زیاتری کولتووری کوردی بە گەشتیارانی بیانی.