دەسەڵاتدارانی ئێران مۆڵەتی کورت دەدەن بە زیندانییەکی سیاسی

دەسەڵاتدارانی ئێران دوای پێدانی کەفالەتی دارایی مۆڵەتی کورتیان بە دەستبەسەرکراوی سیاسی لە زیندانی ئەڤین، نێرگس مەنسووری دا.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند، نێرگس مەنسووری زیندانی سیاسی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ مۆڵەتی پێدەدرێت.

 

نێرگز مەنسووری یەکێکە لە واژۆکارانی نامەیەک کە تیایدا ١٤ چالاکوانی مەدەنی داوای دەستلەکارکێشانەوەی عەلی خامنەیی و داڕشتنی دەستووری نوێیان کردبوو، بە لەبەرچاوگرتنی نایەکسانی و کێشەکانی بەردەم ژنان لە ئێران.

 

ناوبراو ئەندامی سەندیکای کرێکارانی تاران بووە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ مافی کرێکاران کاریان کردووە.

 

نێرگز مەنسووری سزای ٥ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە، لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ هێزە ئەمنییەکان لە شاری بانە دەستگیریان کرد، پێشتر لە مانگی ئابی ٢٠١٩ دەستگیرکرابوو، بەڵام دوای پێدانی کەفالەتی دارایی بە بڕی ٥٠٠ ملیۆن تۆمان ئازادکرا.

 

پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٩دا، نێرگس مەنسووری بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هاوکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆی وڵات" بە ٥ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ زیندانی سزادرابوو.