نەبوونی ئاوی خواردنەوە هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی ژنان و منداڵان

لە سودان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا تادێت ڕێژەی ئاوی پاک تیایدا کەم دەبێتەوە، ١٧.٣ ملیۆن کەس دەستیان بە ئاوی خواردنەوەی پاک نەگەیشتووە و مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشییە گواستراوەکان لەسەرە، نزیکەی ٢٤ ملیۆن کەس دەستیان ناگات بە شێوازی پاکوخاوێنی دروست.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنان لە ناوچە وشکبووەکانی گوندەکانی سودان کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا تادێت ڕێژەی ئاوی پاک تیایدا کەم دەبێتەوە، بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخە ژینگەییەکان فێری تەکنیک و شێوازی نوێدەبن بۆ بەردەوامیدان بە ژیانیان و بونیاتنانی خۆڕاگری بۆ داهاتوویان لەو شوێنانەی کە ئاو تیایدا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.

 

بژێوی ژیانی زۆرێک لە خێزانە جووتیارەکان لە ژێر مەترسیدایە بەهۆی کاریگەرییە کەڵەکەبووەکانی وەک بەردەوامی ململانێکان، ناسەقامگیری ئابووری و سیاسی، لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنانی ئاو لە گەشەی دانیشتووان و گەشەسەندنی کشتوکاڵی، هەر بۆیە لە ئێستادا گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی هەزارەها خێزانی نیشتەجێبووی ناوچە گوندنشیینەکان.

 

ژنانی ویلایەتی نیلی سپی باشووری سودان کە بە شێوەیەک کاریگەری ئەم مەترسییە سروشتی و دروستکراوانەی مرۆڤیان لەسەرە، پاڵپشتی دەکرێن و هاندەدرێن ڕۆڵی بڕیاردانی چالاکتر بگرنەبەر لە پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکان کە یارمەتیان دەدات بەرگەی گۆڕانە ژینگەییە سەختەکان بگرن بەشێک لەو هەنگاوە نوێیانەش بریتییە لە دروستکردنی کۆگایەکی کۆکردنەوەی ئاو و چاندنی بەرهەمی بەسوود بۆ زەوییەکانیان لە وەرزی وشکەساڵی بە ئامانجی بەرهەمهێنانی زیاتر.

 

قەیرانی ئاو کە پەیوەستە شێوازەکانی پاکوخاوێنی مەترسی گەورە بۆ کۆمەڵگەکان بەتایبەتی منداڵان دروست دەکات، جگە لەوەش نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانی ئاو و پاکوخاوێنی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردنی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ کە بەشێوەیەکی بەربڵاو لەناو خێزانەکان بڵاوبووەتەوە.

 

لە سودان ١٧.٣ ملیۆن کەس دەستیان بە ئاوی خواردنەوەی پاک نەگەیشتووە و مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشییە گواستراوەکان لەسەرە، نزیکەی ٢٤ ملیۆن کەس دەستیان ناگات بە شێوازی پاکوخاوێنی دروست، لە کاتێکدا سیستمی ئاوەڕۆیان نیە و پاشەڕۆ و پیسییەکان کۆناکرێنەوە و زیاتر لە ١٠.٥ ملیۆن کەس پیسایی لە شوێنی کراوە ئەنجام دەدەن، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر منداڵان و کۆمەڵگە و خێزانەکان دروست دەکات و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئاسایشی خۆراک، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەدخۆراکی، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، ململانێ و لە کۆتاییدا نەخۆشی و مردنی منداڵان هەیە.

 

نزیکەی نیوەی قوتابخانەکانی سودان ئاویان پێناگات و خزمەتگوزارییەکانی پاکوخاوێنی تیادانیە، لە کاتێکدا دەستڕاگەیشتن بە ئامرازەکانی دەستشۆردن تەنها لە نزیکەی ٪١٠هەموو قوتابخانەکان بە شێوەیەکی سنووردار هەیە، زۆربەی قوتابخانەکان ئەگەر ئەو ئاسانکاریەشیان هەبێت، بەڵام ئاو لە سەرچاوە کراوەکان یان دابینکردنی سابوونی بەردەوام بۆ دەستشۆردن نییە.