ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارێزەرانی شاری کرماشان لە وەڵامی ژەهراویکردنی زنجیرەیی خوێندکارانی قوتابخانەکانی کچان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، " ئەو کەس و گروپانەی کە ئەو جۆرە کار و هێرشانە ئەنجام دەدەن و ئەنجامدەرانی سەرەکی و شاراوەی کە گازی ژەهراوی و مەترسیدار وەک غازی n2 یان هەر جۆرە ماددەیەکی کیمیای دیکە بەکاردەهێنن لە دژی کچانی ئەم خاکە، پێویستە دەستبەجێ بناسێنرێن و دادگایی و دەستگیر بکرێن".
دەقی تەواوی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:
" ژنان هەمیشە ڕۆڵێکی گرنگ و جەوهەرییان هەبووە لە بەرزکردنەوەی کولتووری کۆمەڵگە و ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە کاروباری تاکەکەسی یان کۆمەڵ، چ بەشێوەیەکی سەربەخۆ یان پێکەوەیی لەگەڵ پیاوان، ژنان خوڵقێنەری شارستانیەت و ڕۆشنبیری بوون، مەحاڵە ئینکاری شتێکی لەو جۆرە بکرێت.
لە سەردەمێکدا کە دوای چەندین سەدە هەوڵی مژدەدەرانی ڕێبازی دادپەروەری و ئازادی، بیرۆکەیەک بە ناوی "مافی مرۆڤ" سەریهەڵداوە و زیاتر لە نیو سەدە بەسەر پەسەندکردنی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و پەیماننامە پەیوەندیدارەکان تێپەڕیووە، بەداخەوە لە وڵاتێکی شکۆدار و خاوەن کولتور و شارستانی وەک ئێران ئەمڕۆ شاهیدی چەندین ڕووداوی تاڵین کە ویژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنن.
کردەوەی نامرۆڤانە و ئەو تاوانکاریانەی مرۆڤەکان لە هێرشی شاراوە و ئاشکرا بۆ سەر کچان لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن و هاوشێوەکانیان ئەنجامدەدرێت، بووەتە هۆی ژەهراوی کردنی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران، بەڕاستی بە ئازارە و شایەنی بیرکردنەوەیەکی جدییە و پێویستی بە لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی بارودۆخی کولتووری و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی هەیە.
ئەمه له کاتێکدایه که دەستوور وەک پەیمانێکی هاوبەش له نێوان حکومەت و میللەت، جەخت لەسەر ڕۆڵ و پێگه ی ناوازەی ژنان دەکاتەوە، لە بڕگەکانی ٢٠ و ٢١ و ٣٠ی دەستوور، زامنکردنی مافەکانی ژنان و دابینکردن و دروستکردنی زەمینە بۆ گەشەکردن و نەهێشتنی هەڵاواردنی نادادپەروەرانە بەرامبەر نەوەکانی ئەم خاکە وەک ئەرکە سەرەکییەکانی حکومەت دەستنیشانکراوە بەرامبەر بە میللەت، هەروەها پێویستە ئاسایش بۆ ژنانی ئەم کۆمەڵگەیە لە قوتابخانە و ناوەندەکانی زانستی و پەروەردەییدا مسۆگەر بکرێت.
بۆیە وێڕای شەرمەزارکردنی توندی ئەم جۆرە هێرشانە و بە تاوانی دژە مرۆڤایەتی بە پێی بڕگەی دووەمی مادەی حەوتەمی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و بەڵگەنامەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەزانین، ڕایدەگەیەنین:
١- ئەو کەس و گروپانەی کە ئەم جۆرە کار و هێرشانە ئەنجام دەدەن و ئەنجامدەرانی سەرەکی و دیار کە گازی ژەهراوی و مەترسیداری وەک غازی N2 یان هەر جۆرە مادەیەکی کیمیایی دیکەیان بەکارهێناوە دژی کچانی ئەم خاکە، پێویستە دەستبەجێ بناسێنرێن و دادگای و دەستگیربکرێن.
٢- گرنگیدان بە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ وەک مافی ژیان، ئازادی و ئاسایش و مافی خوێندن و بەرەوپێشبردنی پێویستییەکی گرنگی تاکەکانی کۆمەڵگەیە کە لە هەموو لایەنەکانی تری ژیاندا گرنگە پێشبخرێت و پێویستی گەشەسەندنی مافەکانی مرۆڤ لە پلەی یەکەمدا زامنی ئاسایشی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە، بۆیە هەر دواکەوتنێکی لەلایەن حکومەتەوە مایەی شەرمەزارییە.
٣- هێرشی ڕێکخراو و بەردەوام دژی خوێندکاران لە قوتابخانەکانی کچان لە ماوەی ٣ مانگی ڕابردوو، بە مانای شکست یان بێتوانایی حکومەتە لە ئەنجامدانی ئەرکی جددی لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە حکومەت و هێزە دەسەڵاتدارەکان بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی بنەما بنەڕەتییەکانی دەستوور کە پێویستە گرنگی تەواو بدات بە جێبەجێکردنی ئەرکی سروشتی خۆی لە پاراستن و دڵنیابوون لە سەلامەتی خوێندکاران و چینەکانی دیکەی کۆمەڵگە.
٤- زانیاری دروست و پێویستی دامەزراندنی ڕەوتی ئازادانەی زانیاری یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی گەل، کە نەک تەنها لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، بەڵکو لە یاسای دەستڕاگەیشتن و بڵاوکردنەوەی ئازادانەی زانیاریی پەسەندکراو دیاری کراوە، بۆیە پێویستە بڵاوکردنەوەی زانیاری دروستی پەیوەست بەم ڕووداوە ترسناکانە و ئەو کارانەی تا ئێستا ئەنجامدراون بخرێتە بەردەستی گەل.
٥- بە لەبەرچاوگرتنی بەرپرسیارێتییە زۆرەکانی حکومەت لە بواری دابینکردنی ئاسایش و قەرەبووکردنەوەی میللەت وەک بەرپرسیارێتییەکی مەدەنی لەسەر بنەمای بنەما یاساییە پێشکەوتنخوازەکان، پێمان وایە حکومەت لەسەر بنەما یاساییەکانی وەک یاسای بەرپرسیارێتی مەدەنی و یاسای ڕێکاری تاوانکاری، پێویستە قەرەبووی زیانە ماددی و مەعنەوییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە بکاتەوە.
٦- لە کۆتاییدا ئێمە وەک کۆمەڵێک پارێزەر کە بەرگری و پاراستنی مافی خەڵک بە ئەرک و ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین و ئامادەیی خۆمان بۆ قبوڵکردنی نوێنەرایەتی شەرەفمەندانە و خۆبەخشانە و داکۆکیکردن لە مافی قوربانییەکان بە هەر شێوەیەک ڕادەگەیەنین و پێویستە لەبیرمان بێت کە قوربانییە سەرەکییەکانی ئەو ڕووداوانە بە تایبەتی لایەنی ڕۆحی و دەروونی تەواوی نەتەوەی ئێرانن، دەبێت بەرگری لەو خێزانانە بکرێت کە منداڵەکانیان زیانیان پێگەیشتووە و بریندار بوون.




