کۆنفرانسی ژنان لە دووەمین ڕۆژدا بەردەوامە

کۆنفرانسی "ژنان لە تەنیشت یەکتردا دەربارەی داهاتوو گفتوگۆ دەکەن" لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت، لە دووەمین ڕۆژدا بە وتارەکان دەستیپێکردەوە. لە کۆنفرانسەکەدا نامەی فێگەن یوکسەکداغ خوێندرایەوە.

ناوەندی هەواڵ  

 

کۆنفرانسی "ژنان لە تەنیشت یەکتردا دەربارەی داهاتوو گفتوگۆ دەکەن" کە بە بانگهێشتی ٨٠ ژن لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت، لە دووەمین ڕۆژیدا لە ژووری ئەندازیارانی بیناسازی (İMO)ی یەکێتیی ژوورەکانی ئەندازیاران و تەلارسازانی تورکیا (TMMOB) بەردەوامە.

 

لە یەکەمین دانیشتنی کۆنفرانسەکە، کە لە سێ دانیشتن پێک دێت، نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکان بە ناونیشانی بەرپرسیاریەتیی سیاسی بۆ ئاشتی؛ دیموکراسی، پەرلەمان و حیزبە سیاسییەکان قسە دەکەن.

 

قسەکەرانی ئەم دانیشتنە بریتین لە: فیلز کەرەستەجی ئۆغڵو، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP)؛ پەروین بولدان، ئەندامی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (DEM) و ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی؛ گۆکچە گۆکچەن، پەرلەمانتاری حیزبی نوێ؛ و سیما سیلکین ئۆن، پەرلەمانتاری حیزبی ڕێگای نوێ.

 

دوای وتارە پێشەکییەکان، کۆنفرانسەکە بە شێوەی فۆڕەم بەردەوام دەبێت.

 

یەکگرتوویی ژنان دەتوانێت ببێتە پردێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان

فیگەن یوکسەکداغ، کە لە زیندانی کاندیرا بەندە، نامەیەکی ئاراستەی کۆنفرانسەکە کردو تێیدا هاتووە: ژنە بەڕێزەکان، سڵاو و ڕێزم بۆ یەکگرتوویی و پێشەنگایەتیی ئێوەیە، کە بۆ پێکهێنانی بەڵێن و هێزی داهاتوو بە هاوبەشی هەنگاو دەنێن، بونیادنانی ژیانێک لەسەر بنەمای ئاشتی، ئازادی، دادپەروەری و مافە دیموکراتییەکان، بۆ ژنان و تەواوی کۆمەڵگە، ئەمڕۆ لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر گرنگە. لە بارودۆخێکی سیاسی کە جەنگ، توندوتیژی و نادیاریی داهاتوو داگیری کردووە، کەشی سیاسیی ناوخۆی تورکیاش دەرفەتی هەناسەدان بە ژنان و گەلەکەمان نادات.

 

لەو بارودۆخە دژوارانەدا، بزوتنەوەی ژنان خاوەنی هێز، دانایی و ئەزموونی پێویستە بۆ ئەوەی هەموو چەوسانەوە و نادادپەروەرییەکان لە پێناو تێکۆشانی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیدا بخاتە گەڕ.

 

یەکگرتوویی ژنان دەتوانێت ببێتە پردێک کە هەموو هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان پێکەوە بێنێتەوە و کۆیان بکاتەوە. لە بەرامبەر نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، نایەکسانی و ستەمەوە کە بەهۆی توندوتیژیی پیاوان و زوڵمی ڕەگەزییەوە دروست دەبن، بیرکردنەوە، ویست، یەکگرتوویی و تێکۆشانی ژنان دەتوانێت جیاوازییەکی گرنگ دروست بکات.

 

بەو هیوایە و بڕوایەوە، سڵاو و خۆشەویستی و ڕێزی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو ژنانە دەکەم کە بەشداریی ئەم کۆنفرانسە دەکەن و ئاواتەخوازم سەرکەوتوو بن.

 

چاوەڕێ دەکرێت کۆنفرانسەکە بە خوێندنەوەی راگەیاندراوی کۆتایی، کۆتایی پێبێت.