عێراق  ٥ ملیۆن نەمام دەچێنێت

بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا عێراق لە ژێر هەڕەشەی کەمبوونەوەی ئاودایە حکومەتی عێراق ئاماژەی بە دروستکردنی پشتێنەی سەوز لە دەوروبەری شارەکان دەکات بە چاندنی ٥ ملیۆن نەمام، لە وڵاتێکدا کە ٪٣٩ خاکەکەی بە بیابان بووە یان کاریگەری بیابانبوونیان لەسەرە.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی یەکشەممە هەڵمەتێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە سەختەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق ڕاگەیاند لە کاتێکدا لەژێر هەڕەشەی کەمبوونەوەی ئاودایە، چاندنی ٥ ملیۆن دار خورما و نەمام لەو هەنگاوانەن کە عێراق وەک ڕێگا چارەسەری دەیگرێتەبەر لە شارەکانی عێراق.

 

 عێراق دەوڵەمەندە بە نەوت بەڵام لە ژێر کاریگەری بەرزی پلەکانی گەرمای هاوینە و وشکەساڵی بەردەوام و بە بیابانبوون و زریانی خۆڵبارینی بەردەوامدایە، ڕووبەری سەوزایی لە عێراق کەمبووەتەوە ئەمەش مەترسی دروستکردووە لەسەر ئاسایشی خۆراک، تەندروستی، ژینگە و کۆمەڵگە.

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی کەشوهەوادا ڕایگەیاند، زیاتر لە حەوت ملیۆن هاوڵاتی عێراقی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا و سەدان هەزار کەسیش بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاوارەبوون.

 

لە بەهاری ساڵی ڕابردوودا، دەیان زریانی گەورەی خۆڵ بەغدا و ناوچەکانی دیکەی گرتەوە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی کێشەی هەناسەدانی هەزاران کەس و بەهۆیەوە ناچاربوون فڕۆکەخانە و قوتابخانەکان دابخرێن.

 

لە ئێستادا هەنگاوە چارەسەرییەکان گیراوەتە بەر بە ئامانجی پێشخستنی وزەی پاک و نوێبووەوە، پڕۆژەی نوێی ئاودێری و پاککردنەوەی ئاو و کەمکردنەوەی سووتانی غاز، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی پارەدان و چوارچێوەی کاتی ڕابگەیەنێت.

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی مافەکانی عێراق لە ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات کرد، کە بەنداوەکانی سەرەوەی ڕووبارەکانی تورکیا و ئێران هۆکاری کەمبوونەوەی ئاوی هەردوو ڕووبارەکەن.

 

وەک بەشێک لە پلانەکانی حکومەت ئاماژەی بە دروستکردنی پشتێنەی سەوز لە دەوروبەری شارەکان کرد بۆ ئەوەی وەکو ڕێگری با لە بەرامبەر زریانی تۆز و خۆڵدا کاربکەن، لە وڵاتێکدا کە ٪٣٩ خاکەکەی بە بیابان بووە یان کاریگەری بیابانبوونیان لەسەرە.