مۆرکردنی چەند یەکەیەکی دیکە ڕەشت و ئورومیە

لە درێژەی مۆرکردنی شوێنە جۆربەجۆرەکانی ئێران، ژمارەیەکی زۆر لە یەکە جۆراوجۆرەکان لە چەند شارێک لەوانە ئورومیە و ڕەشت مۆر کران.

ناوەندی هەواڵ

 

دوابەدوای مۆرکردنی سەندیکاکان و شوێنە جۆربەجۆرەکان، ناوەندێکی دەروونی لە شاری ڕەشت و ٨٠ سەندیکای کرێکاری لە ئورومیە بە هۆی پێشێلکردنی یاسا سەپێنراوەکانی ڕژێمی ئێران مۆر کران.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەنتەری دەروونناسی پایا لە ڕەشت لەلایەن بەشی چاودێری شوێنەکانەوە بە بیانووی ئەنجامدانی وۆرکشۆپی پەروەردەیی تێکەڵاو "ئامادەبوونی ژن و پیاو" مۆر کراوە.

 

هەروەها بە وتەی فەرماندەی پۆلیسی ئورومیە، دوابەدوای جێبەجێکردنی ڕاپۆرتی حیجاب و پاکیزەیی کە لەلایەن وەزارەتی ئێرانەوە نێردراوە، ٨٠ سەندیکای کرێکاری لە ئورومیە و شارەکانی دیکە بە هۆی دژایەتیی یاساکانی ڕژێمی ئێران مۆر کراون و هەروەها وتی: دوو هەزار و ١١١ نامەی کورتی هۆشداری لە حیجاب بۆ سەرنشینانی ئۆتۆمبیل نێردراوە.

 

مۆرکردنی شوێنە جۆراوجۆرەکان و سەندیکاکانی کرێکاری لە کاتێکدا ڕوودەدات کە قەیرانی  ئابووری لە ئێران ژیانی خەڵکی سەخت کردووە و لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەژاری و بێکاری، حکومەت بە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامانە چڕی هەژاری و بێکاری زیاتر دەکات.