هەوڵی یەکپۆشکردنی سەربازانی ژنی ئۆکرانیا دەدرێت

لە مێژوودا ئەوانەی لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدان پیاو بوون، ئەمەش بووەتە هۆی نەبوونی کەرەستەی گونجاو بۆ سەربازە ژنەکان، و سەربازانی ژن لە ئۆکرانیا پێداویستییەکانیان بۆ دابین ناکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

هەزاران ژن چوونەتە بەرەکانی پێشەوە بۆ ئەوەی بەشداری شەڕی سوپای ئۆکرانیا بکەن لە دژی ڕووسیا، زۆرجاریش بە جلوبەرگێکی نە گونجاوەوە ئەو کارەدەکەن، چونکە جلە سەربازییەکان بۆ پیاوان دروستکراوە و بۆ ژنان تا ئێستا جلوبەرگی تایبەت بە خۆیان بۆ دابین نەکراوە.

 

 بەپێی ئامارەکانی باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا، ژنان ڕێژەیەکی بەرچاو لە سەربازەکانی وڵاتەکە پێکدەهێنن، ژمارەی سەربازە ژنەکان لە ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە زیاتر لە چوار هێندە زیادی کردووە، کە نزیکەی ١٤ هەزار سەربازی نوێ لە ئۆکرانیا وەرگیراون، ئێستا بە مەزەندەکردن ژمارەکان  ٦٠ هەزار سەربازی ژن دەبێت.

 

هەرچەندە وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا لەم دواییانەدا ئاشکرای نەکردووە کە چەند هێزی چالاک بەرگری لە ئۆکرانیا دەکەن، بەڵام ساڵی ڕابردوو پێش دەستپێکردنی لەشکرکێشییەکانی ڕووسیا، ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو کە ٢٦١ هەزار هێزی چەکداری چالاکیان هەیە و بەنیازە ئەو ژمارەیە بگەیەنێتە ٣٦١ هەزار.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا هیچ جلوبەرگێکی سەربازی بۆ ژنان لە ستانداردی ئۆکرانیا نییە، ساڵانێکە ژنان چاکەت و پانتۆڵ و تەنانەت جلی ژێرەوەی پیاوانیان پێدەدرێت، و جلوبەرگەکان بۆیان نەگونجاوە و گەورە یاخود توندە لە بەریاندا، ناتوانن بە ئاسوودەی ئەرکە ماندووکەرەکانی سەربازەکان بگرنە ئەستۆ.

 

بەڵام ڕێکخراوە ناوخۆییەکانی ئۆکرانیا هەوڵ دەدەن ئەم لایەنەی ژیانی سەربازی بۆ ژنان باشتر بکەن بە بەرهەمهێنانی جلوبەرگێک کە تایبەت بۆیان دیزاین کراوە، بەو پێیەی تا ئێستا حکومەت هیچ پلانێکی نییە بۆ دروستکردنی جلوبەرگی سەربازی بۆ ژنان.

لە ئێستادا گرنگترین کێشە بۆ ژنان لە سوپادا نەبوونی کەلوپەلی ژنانە، وەک یەکپۆشی و جلی ژێرەوە و پێڵاو، هەموو شتەکان بە شێوازی پیاوانەن، زۆرجار قەبارەکان گەورەترن، کە ئەمەش کەمترین کارێکە کە بۆ بەرگریکارە ژنەکان بکرێت و زیاتر لە ٪٩٠ ئەو ژنانەی کە شەڕ بۆ ئۆکرانیا دەکەن، پێویستە یەکپۆشبن و لە ئێستادا لیستی چاوەڕوانی چەند هەزار ژنێکی هەیە.

 

لە مێژوودا ئەوانەی لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدان پیاو بوون، ئەمەش بووەتە هۆی نەبوونی کەرەستەی گونجاو بۆ سەربازە ژنەکان، تەنها لەم دواییانەدا وڵاتانی وەک ئەمریکا دەستیان کردووە بە دابینکردنی یەکپۆشی تایبەت بە خۆیان کە ڕێگە بە ژنان دەدات چالاکیتر و ئاسوودەتر بن لە هێڵی پێشەوەی شەڕ، یەکەم جلوبەرگی سەربازی ژن لە سوپای ئەمریکا تەنها دە ساڵ لەمەوبەر دەرچوو، لە ساڵی ٢٠١٣.

 

ژنان دەبێت شەڕبکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و ئەو ڕێزەی شایستەیانە و هەوڵبدەن بە تواناکانیان خۆیان بسەلمێنن کە ژنان لە بواری سەربازی و بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان دەتوانن ڕۆڵێکی کارایان هەبێت، لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانکۆی کۆمۆنوێڵتی ڤێرجینیا دەریخستووە، لە کاتێکدا دیدگای ئۆکرانیا بەرامبەر بە ژنان لە بواری سەربازیدا باشتر بووە و وڵاتەکەی هەوڵی داوە سیاسەتی یەکسانتر بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی بگرێتەبەر، بەڵام  ڕووبەڕووی فشارەکانی کۆمەڵگەی ئۆکرانیا بووەتەوە، کە تاڕادەیەکی زۆر پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا لە چوونەوە ماڵەوە دەبینن، لەکاتێکدا ژمارەی سەربازە ژنەکان لە زیادبووندایە، بەڵام زۆربەیان هێشتا لە بەرەکانی شەڕدا ڕووبەڕووی جیاکاری ڕەگەزی دەبنەوە.