خوناف خەلیل: کۆبانێ ڕۆمانی بەرخۆدانی سەدەی نووسی

خوناف خەلیل، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، ڕۆژی جیهانیی کۆبانێی بەبیر هێنایەوە و ڕایگەیاند، کە کۆبانێ لە مێژووی گەلی کورد و هۆشی مرۆڤایەتیدا ڕۆمانێکی نوێی لە بەرخۆدان نووسیوەتەوە.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ – لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠١٤دا، چەتەکانی داعش بە هێرشێکی دڕندانە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستانیان گەمارۆ دا، چەتەکان بە تەواوی هێزی خۆیانەوە هەوڵیان دا شارەکە بڕوخێنن و وەک مەنبەج، تەبقا، ڕەققە و دێرەزوور بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە، ئەو جەنگەی کە ١٣٤ ڕۆژی خایاند، بە سەرکەوتنی شەڕڤانان و گەلی کۆبانێ لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا سەرکەوتوو بوو.

 

لە ١ی تشرینی دووەم مرۆڤایەتی لە دەوری کۆبانێ کۆبووەوە هێرش و جەنگی توند کە لە کۆبانێ ڕووی دا، لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا گەیشتە لووتکە، بۆ خاوەندارێتیی و پشتیوانیکردنی بەرخۆدانەکە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵییەوە خۆبەگەڕخستنی (سەفەربەرلک) ڕاگەیاند، ئەم بانگەوازە گۆڕانکاریی گەورەی لە ئاستی پشتیوانیدا دروست کرد، کە بەهۆیەوە لە چوار پارچەی کوردستانەوە گەنجان کاروان بە کاروان وەک لافاو ڕوویان لە کۆبانێ کرد و بەشداری جەنگەکە بوون، چالاکییەکانی پشتیوانی کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرفراوانتر دەبوون، سەرنجی تەواوی جیهانیان ڕاکێشا کە لە ئەنجامی پشتیوانیی ٩٣ وڵات و شاری نێودەوڵەتیدا، ڕۆژی ١ی تشرینی دووەم وەک ڕۆژی جیهانیی پشتیوانی لە کۆبانێ ڕاگەیاندرا، لە ئەنجامدا، ئەو شەڕڤانانەی گیانی خۆیان کردە قەڵغان و ئەو مرۆڤایەتییەی لە دەوری بەرخۆدانی کۆبانێ کۆبوونەوە سەرکەوتن، چەتەکانی داعشیش شکستیان هێنا.

 

خوناف خەلیل، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، بە بۆنەی ڕۆژی ١ی تشرینی دووەمەوە هەڵسەنگاندنەکانی خۆی لەگەڵ ئێمەدا بەش کرد.

 

”ئەو جەنگەی لە کۆبانێ بەڕێوە چوو لە یادەوەریماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە”

خوناف خەلیل لە سەرەتای قسەکانیدا ئەو هێرشانەی کە ١٢ ساڵ پێش ئێستا ڕوویان دا، بەبیر هێنایەوە و وتی: ئەمڕۆ ١٢ ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژە مێژووییەدا تێپەڕ دەبێت کە تێکڕای جیهان بۆ پشتیوانیکردن لە بەرخۆدانی کۆبانێ هاتنە دەنگ، هێرشەکانی چەتەکانی داعش کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لەسەر ئەم شارە ڕوویان دا کە هەرگیز لە یادەوەریی مێژوودا ناڕواتەوە، مەترسیی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە لەسەر تێکڕای مرۆڤایەتی هەبوو کە پێش کۆبانێ چەندین شار کۆنتڕۆڵ کردبوو و هیچ هێزێکیش نەبوو بتوانێت لە بەرامبەریدا ڕابوەستێت، بە هەمان ئامانج چەتەکان هێرشەکانیان ئاراستەی کۆبانێش کرد کە لەم جوگرافیایەدا تووشی بەرخۆدان و بڕیارداریی شەڕڤانانی کورد هاتن، کۆبانێ بە جوگرافیاکەی بچووکە، بەڵام بە پڕاکتیک و بەرخۆدانەکەی لە هەموو جیهاندا گەورەیە.

 

”١ی تشرینی دووەم بەرهەمی یەکگرتوویی دژ بە پیلانگێڕانە”

لە درێژەی هەڵسەنگاندنەکانیدا خوناف خەلیل بە ئاماژەی بە یەکگرتوویی گەلی کورد و مرۆڤایەتی کرد، کە پلانەکەی پێچەوانە کردەوە، سەرنجی خستە سەر ئاستی پشتیوانییەکان بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ و وتی: بۆ ئەوەی کۆبانێ داگیر نەکرێت و گەلەکەی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی نەبێتەوە، باجی زۆر گران درا و بە سەدان شەڕڤان شەهید بوون، بۆ ئەمەش ئێمە ئەمڕۆ دەتوانین بە سەربەرزی و ناسنامەی خۆمانەوە لە وڵاتی خۆماندا بژیین، ئەو پلاندانانەی کە ئامانجیان لەناوبردنی ئیرادەی گەلی کورد بوو لە کۆبانێ، پێچەوانە بونەوە و بینیمان یەکێتیی گەلی کورد لە کۆبانێدا هاتە دی. کاتێک گەنجانی ڕۆژئاوا، باشوور، باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕژانە ناو کۆبانێ، وەک ئاگرێک لە دەوری بەرخۆدانەکە کۆبوونەوە، سەرکەوتنمان مسۆگەر کرد، لە هەمان کاتدا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانەوە و نەتەوە جیاوازەکان دڵیان بۆ کۆبانێ لێی دا و ئەوانیش هاتنە دەنگ، لە ئەنجامی ئەم پشتیوانییە شکۆمەندانە، لە پەرلەمانە ئەوروپییەکاندا ڕۆژی ١ی تشرینی دووەم وەک ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ دیاری و ڕاگەیاندرا.

 

’’سەرکەوتنی کۆبانێ شکۆی گەلی کوردی پاراست”

خوناف خەلیل، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، جەختی لەوە کردەوە، کە کۆبانێ قەڵای بەرخۆدانە و بەردەکانی بە خوێنی گەنجانی کورد بونیاد نراون، لە کۆتای قسەکانیدا وتی: مرۆڤ ناتوانێت ئەو بەرخۆدانەی کە لە کۆبانێ نیشان درا و گەورەیی بەرخۆدانەکەی بە وشە دەرببڕێت، بەتایبەت ئەو خوێنە کوردمانەی کە لە ناو داروپەرووەکانی کۆبانێدا گەیشتە یەک، تابلۆیەکی شکۆداری لە ڕۆحی هەڵسانەوە و بەرخۆدان بۆ پاراستنی شکۆی گەلی کورد دەرخست، بێگومان لەم بوارەدا بانگەوازیی ڕێبەر ئۆجالان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر یەکێتیی ئیرادەی کوردان هەبوو بۆ ئەوەی سنوورەکانی داگیرکەران ببەزێنن و خۆیان بگەیەننە کۆبانێ، بۆ ئەمەش بە کۆبوونەوەی گەل و گەنجانی تێکڕای کوردستان، شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە و ئینتەرناسیۆنالیستەکان لە کۆبانێدا، بۆ یەکەم جار بوو کە لە مێژووی نوێماندا ڕۆمانێک لە چەشنەی بەرخۆدان و تێکۆشان بنووسرێت، کۆبانێ بۆ پاراستنی بوونی گەلی کورد بوو بە قەڵایەکی بەرخۆدان کە بەردەکانی بە خوێنی گەنجەکانی بونیاد نران.