"خەباتی ژنان لە دژی توندوتیژی دەبێت بەرەیەکی یەکگرتوو بێت"
فاتمە بیلەن، هاوسەرۆکی شارەوانی کامپی پەنابەرانی مەخموور لە لێدوانێکدا لەسەر ساڵڕۆژی شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی’، ڕایگەیاند کە دەبێت هەموو ژنان لە پێناو شۆڕشدا بوەستن و خەبات دژی توندوتیژی دەبێت بەرەیەکی یەکگرتوو بێت.

بەرژین کارا
مەخموور-سیستمی ستەمکار و جینۆسایدی ڕژێمی ئێران درێژە بە کردەوەکانی دژ بە ژنان دەدات، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی کە پیشنەگایەتی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"ی کرد لە دژی ڕژێم لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ڕاپەڕین پەرەی سەند. ئەم ڕاپەڕینە بە پریشکی ژینا ئەمینی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی سەند و ئەمڕۆ بۆتە دەنگی هاواری ژنان لە هەموو جیهاندا.
ژینا ئەمینی بوو بە سیمبول و ئومێد بۆ شکاندنی ڕژێم. وەک چۆن شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەموو شوێنێک بڵاوبووەوە، دەنگی ئەو ژنانەی کە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بڵاوبوونەوە، گەیشتە هیندستان، ئەمریکای لاتین، ئەفغانستان و هەموو شوێنێک کە ژنان لە ژێر فشاری دەسەڵاتدایە. هەموو ژنێک هێزی لە ڕاپەڕین پەیدا کرد و بە وشەی 'ژن، ژیان، ئازادی' داوای مافی خۆی دەکرد.
دوای ڕاپەڕین، کردەوەکانی ڕێژیمی ئێرانیش بە هەمانشێوە درێژەی هەبوو. بە سەدان کەس لە لایەن ڕژێمەوە کوژران و دەستبەسەر کران و سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.
فاتمە بیلەن، هاوسەرۆکی شارەوانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" سەبارەت بە ساڵیادی ڕاپەڕین و بەئامانجکردنی ژنان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
"هەموو کەسێک دژی ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدار ڕاپەڕی"
فاتمە بیلەن سەرەتای قسەکانی بە باسکردنی ئایدۆلۆژیای جینۆساید لەلایەن ڕژێمی ئێران دژی ژنان وتی: ڕاپەڕینی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا، ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە، شۆڕشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی دامەزرا. بەڵام عەقڵیەتی جینۆسایدی ئەو سەردەمە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. لە زیندانەکانەوە تا دونیای دەرەوە ژنان دەکوژرێن ، نەک هەر ژینا ئەمینی، دەیان ژن بە ناوی شەرەفەوە کوژران. بەڵام جیهان بە گشتی بێدەنگ بوو. بەڵام دوای ئەو شۆڕشەی کە بە ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، کاردانەوەکان لە هەموو ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژین سەریان هەڵدا. بە واتایەکی تر هەمووان ڕاپەرین، بەڵام خەڵکێکی زۆر بەهۆی بەشداریکردنیان لە ڕاپەڕینەکەدا کوژران، بەشێکی زۆریان لە زینداندان و ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە.
"پێویستە هەمووان دژی ئەم ئایدۆلۆژیا دەسەڵاتداری و جینۆسایدە ڕاپەڕن"
فاتمە بیلەن ڕایگەیاند کە ئەو ڕاپەڕینەی کە بە ژینا ئەمینی دەستیپێکرد ئەمڕۆ تۆوی خۆی لە هەموو جیهاندا بڵاوکردۆتەوە و وتی: لە هەمان کاتدا هەمان ئایدۆلۆژیا لە ئێراندا بەرز دەکرێتەوە، دوای کوشتنی جینا ئیمینی، کاردانەوەکان لە هەموو جیهاندا بە دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ دەربڕدرا، هیوادارین لە ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی، ژنان دەنگی خۆیان یەکبخەن لەگەڵ شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ و ڕاپەڕین دژی ئەم ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتداری و جینۆسایدە.
"پێویستە هەموو ژنان لە جیهاندا پشتگیری لە سەرکردە ژنەکان بکەن"
فاتمە بیلەن لە کۆتایی قسەکانیدا سەرنجی بۆ بەئامانجکردنی ژنان ڕاکێشا و وتی: ژنانی پێشەنگ کە پیشەنگایەتی ڕاپەڕینی ژنان دەکەن ئەمڕۆ لە زیندانەکانی ئێراندان، دەسەڵاتدارانی ئێران هێشتا بەدواداچوون بۆ پراکتیکی لەسێدارەدانیان دەکەن، دوای ڕاپەڕینەکەش بە تایبەتی ژنانی پێشەنگیان کردۆتە ئامانج. داوا لە هەموو ئەو ژنانە دەکەین کە دەڵێن لەگەڵ ئەم شۆڕشەدا نین، پشتیوانی ژنان بکەن.