خەڵاتی ئاشتی منداڵانی ساڵی ٢٠٢٤ بە نیلا ئیبراهیمی بەخشرا

خەڵاتی ئاشتی منداڵان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی منداڵان لە هۆڵەندا بەخشرایە نیلا ئیبراهیمی.

ناوەندی هەواڵ

 

نیلا ئیبراهیمی، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی ئەفغانستان، بەهۆی هەوڵەکانی بۆ مافەکانی ژنان و منداڵانی کچ، لەلایەن ڕێکخراوی پشتیوانی لە مافەکانی منداڵان لە هۆڵەندا خەڵاتی نێودەوڵەتی ئاشتی منداڵانی ساڵی ٢٠٢٤ی پێبەخشرا.

 

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، نیلا ئیبراهیمی وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی پلاتفۆرمی "چیرۆکی ئەو" لە ناو ١٦٥ کاندید لە ٤٨ وڵاتەوە ئەم خەڵاتەی بەدەستهێناوە.

 

ڕێکخراوی پاراستنی مافی منداڵان "جیرۆکی ئەو" بە سەکۆیەکی سەلامەت بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ژنانی ئەفغانستان زانیوە، و ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگەی بەرنامەی "چیرۆکی ئەو"ەوە، نیلا توانا و بەرخۆدانی ژنانی ئەفغانی نیشان دەدات، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی وڵاتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەفغانستان.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەم دامەزراوەیەدا هاتووە: نیلا خەبات بۆ مافی خوێندنی هەموو ئەو منداڵ و ژنانە دەکات کە بەهۆی قەدەغەکردنی جیاکاریی تاڵیبانەوە لە خوێندن بێبەشن.

 

خەڵاتی ئاشتی منداڵان ساڵی ٢٠٢٤ لە مەراسیمی بیستەمین ساڵیادی ئەم خەڵاتە لە شاری ئەمستردام پایتەختی هۆڵەندا بە ئامادەبوونی کەسایەتییە دیارەکان و ملیۆنان بینەری جیهانی بەخشرا، هاوکات ئەم گەنجە ئەفغانییە پەیامێکی جیهانی بە پێشکەشکردنی گۆرانی ناڕەزایەتییەکەی سەبارەت بە مافەکانی ژنانی ئەفغانی نارد.

 

خەڵاتی ئاماژەپێکراو بریتییە لە تەرخانکردنی بودجە بۆ پڕۆژە و چالاکییە پەیوەندیدارەکان.

 

نیلا ئیبراهیمی سەبارەت بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە وتی: بە بردنەوەی ئەم خەڵاتە دەنگی ژنانی ئەفغانستان لە جیهاندا دەنگ دەداتەوە.

 

مارک دالارت، سەرۆکی ڕێکخراوی مافی منداڵان، چالاکیەکانی نیلا لە بەرگریکردن لە ژنانی ئەفغانستان لە بەرامبەر یاسا جیاکاریەکانی تاڵیبان بە شایستەی ئەم شەرەفە زانی.

 

پێش ئەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستان بکات، نیلا ئیبراهیمی بە مەبەستی فشارخستنە سەر بەرپرسانی پەروەردەی کابول بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکردنی گۆرانی وتن بە خوێندکارە کچەکان لەبەردەم خەڵکدا دەنگی خۆی تۆمار کرد و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی کردەوە.

 

ئەم خەڵاتە لە کاتێکدا بەخشراوە بە نیلا ئیبراهیمی کە تالیبان سنووردارکردنی توندی بەسەر ژناندا سەپاندووە لە سنوورەکانی ئەفغانستان، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئەفغانی کە لە دەرەوەی ئەم وڵاتە دەژین، سەرکەوتنی زۆریان لە گۆڕەپانی جیهانی و لە بوارە جیاجیاکاندا بەدەستهێناوە.