میهرەبان سەلام
هەڵەبجە- ژنان لە هەڵەبجە جیاواز لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان زۆرینەی پۆستە باڵاکان و بەڕێوەبەرییەکانیان بەدەستەو لە کارەکانیاندا ڕووبەڕووی زهنییەتی پیاوسالاری و توندوتیژی زارەکی بوونەتەوە، کە پێیان وایە ژنان نابێت لە پۆستە بڕیاردەرەکان و باڵاکاندا بن، کە ئەمەش جۆرێکە لە توندوتیژی بەرامبەر ژنان و پەراوێز دەخرێن.
خێڵان عەبدولڕەحمان مێرزا حەسەن، وەک چەندان ژنی دیکە لە هەڵەبجە پۆستی بەڕێوەبەریی هەیەو لە کارەکەیدا بووەتە نموونەیەک بۆ ژنانی دیکەش، خوێندنی ئەندازیاریی تەلارسازی تەواو کردووە و لە ساڵی ٢٠٢١ەوە وەک بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە دەستی بە کار کردووە، وەک خۆی ئاماژەی پێکرد ئەزموونی پێشووی لە بواری کارگێڕیدا وای کردووە بە ئاسانییەوە بەرپرسیاریەتییە نوێیەکەی وەربگرێت.
ئاستەنگەکانی بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاریی هاووڵاتیان
خێڵان عەبدولڕەحمان لەبارەی ئەزموونی کارکردنی خۆیەوە وتی: لەبەر ئەوەی پێشتر ئەزموونی کارکردنم هەبووە و ماوەیەکیش بەڕێوەبەر بووم، ئاسانتر بوو بتوانم کارەکان بەڕێوە ببەم،وەک ژنێک توانیومە بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ ببم. ئێمە لەم بەڕێوەبەرایەتییەدا وەک تیمێک، بە هاوبەشی لەگەڵ هەموو تیم و شارەوانییەکان کار دەکەین/
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە، لە چوارچێوەی سنووری کارکردنی خۆیدا، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە چەند شارەوانییەکەوە هەیە؛ لەوانە خورماڵ، بیارە و سیروان. ئەمەش بەرپرسیاریەتییەکی زیاتر لەسەر ئەو دامەزراوەیە دادەنێت، چونکە بەشێکی گرنگی داواکارییەکانی هاووڵاتیان ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە خزمەتگوزارییە شارەوانییەکانەوە هەیە.
خێڵان ئاماژەی بەوەکرد کە هەوڵیان داوە داواکارییەکانی خەڵک بە پێی توانای دارایی و مرۆییی بەردەستیان جێبەجێ بکەن، بەڵام قەیرانە دارایییە ساڵانەکان کاریگەرییان لەسەر جێبەجێکردنی پلان و پڕۆژەکانیان هەبووە وتی: قەیرانە دارایییەکان وایانکردووە نەتوانین وەک پێویست پلانەکانمان جێبەجێ بکەین و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی خزمەتگوزارییەکان هەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەوڵ دەدەین داواکارییەکانی هاووڵاتیان بە پێی تواناکانمان جێبەجێ بکەین. هیوادارین حکومەت پشتگیریی زیاتر بکات، تاکو بتوانین بەپێی پلانەکانمان بڕۆینە پێشەوە و خزمەتگوزارییەکان بگەنە هەموو گەڕەکەکان، بەبێ ئەوەی هیچ گەڕەکێک لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەش بمێنێتەوە.
هەڵەبجە؛ ژینگەیەک بۆ بەشداریی ژنان
لەبارەی ئاستەنگە کۆمەڵایەتییەکان و چۆنیەتیی زاڵبوون بەسەریاندا، خێڵان عەبدولڕەحمان وتی: پشتگیریی خێزان و ژینگەی کۆمەڵایەتیی هەڵەبجە ڕۆڵێکی گرنگیان لە وەرگرتنی ئەم بەرپرسیاریەتییەدا هەبووە، خێزانەکەمان پشتگیرییان کردووین و خۆشحاڵ بووین بەوەی ئەم پۆستە وەربگرین. لە پارێزگای هەڵەبجەدا ژنان ڕێزیان لێ دەگیرێت و بە گشتی، ئەگەر ژنێک بیەوێت کارێک بکات، کەس ڕێگریی لێ ناکات، لە سنووری هەڵەبجەدا ژنان دەتوانن بە ئازادی لە ڕێکخراوەکان، دامەزراوە حکومییەکان و تەنانەت لە کاری تایبەتیشدا بەشداری بکەن.
هەروەها ئاماژە بە کاریگەریی هەندێک فاکتەری کۆمەڵایەتی کرد لە پاراستنی ڕێزی ژنان و کەمکردنەوەی توندوتیژی دژ بەوان وتی: ئێمە وەک تیمێک کار دەکەین و چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی لە ناو ئەم دەزگایەدا هاوکاریی یەکتر دەکەین. ئەگەر یەکێکمان تووشی کێشە ببێت، ئەوانی تر پشتگیریی دەکەن. هەروەها هەر کەسێک پێویستی بە هاوکاری هەبێت، بە پێی توانام هەوڵ دەدەم یارمەتی بدەم.
متمانە و پشتگیری؛ بنەمای بەشداریی ژنان
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە، ژینگەی کۆمەڵایەتیی ئەم پارێزگایە بە فاکتەرێکی یارمەتیدەر بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتییەکەی دادەنێت وتی: متمانە و پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ژنان، هۆکارێکی گرنگە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن پۆست و پلەی بەرپرسیاریەتی وەربگرن، لە هەندێک شوێنی تر ژنان زیاتر دەرفەتی بەدەستهێنانی پۆستی بەرپرسیاریەتییان بۆ دەڕەخسێت، بەڵام ئەو دەرفەتانە پێویستە لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی ئەنجامی کار و کارامەییەوە بپشکنرێن و هاووڵاتیانیش دەتوانن ببنە شایەد بۆ ئەنجامی ئەو کارانە.
ئەزموونی خێڵان عەبدولڕەحمان ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە توانای مرۆڤ بە ڕەگەز دیاری ناکرێت، بەڵکو بە زانست، لێهاتوویی، بەرپرسیاریەتی و ئەنجامی کارەکانی هەڵدەسەنگێندرێت، بەوەی کە چۆن بەرپرسیاریەتییەکەی هەڵدەگرێت و چ ئەنجامێک بەرهەم دەهێنێت.




