بە ئیرادەی ژنان دوای ٨ ساڵ شارەوانییەکان بەدەستهاتەوە

ئەو ژنانەی دوای ٨ ساڵ شارەوانییەکانی ئامەدیان بەدەستهێنایەوە، دەڵێن، "چیتر ڕێگە بە دانانی قەیوم نادەین، ئەوان ناتوانن ئیرادەی گەل و ژنان و گەنجانی کورد بشکێنن".

مەدینە مامەدئۆغلو

 

ئامەد- پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل-دەم پارتی لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ٣١ی ئاداردا بە ٦٤.٠٩%ی دەنگەکانی شارەوانی ئامەدی بەدەستهێنا، سەرا بوجاک و دوغان هاتون، هاوسەرۆکانی شارەوانی ئامەد بە فەرمی دەستیان بە کارکردن کرد و هەزاران کەسیش هاتنە بینای خزمەتگوزاری شارەوانی کە ٨ ساڵە لەلایەن قەیومەوە بەڕێوەدەبرێن و ئاهەنگ و خۆشییان گێڕا.

 

بەشێک لەو هاوڵاتیانەی کە لەگەڵ منداڵەکانیاندا هاتبوون، بە شێوەیەکی ڕەمزی دەرگای چوونە ژوورەوەی بینای خزمەتگوزاری شارەوانییان پاککردەوە و پەیامێکیان بە سیاسەتەکانی قەیوم دا، هاوڵاتییان بە چەپڵە لێدان و چوونەتە ناو بینای شارەوانی و دروشمی "قەیوم بڕۆ دەرەوە"، "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" و "بژی زیندانەکان"یان دەوتەوە.

 

"ناتوانن ئیرادەی ئەم گەلە بشکێنن"

ئەو ژنانەی دوای ٨ ساڵ بۆ یەکەمجار چوونەتە ناو بینای خزمەتگوزاری شارەوانی کە لەلایەن قەیومەوە بەڕێوەدەبرا، هەستی خۆیان بۆ دەزگاکەمان دەربڕی.

 

گوڵشا کەیگلی ئاماژەی بەوەدا کە هەست بە دڵخۆشی دەکات وەک ئەوەی لەدایک بووبێتەوە و وتی: ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم، پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە لە هەموو گەلی کورد دەکەم. ئەمڕۆ ئەم قەیومەکانمان پاک کردەوە، لە خاکی خۆمان دەرمانهێنان و ناردماننەوە ئەنقەرە، لەمەودوا هەرگیز ناتوانن قەیوم لە کوردستان دابنێن، ناتوانن ئیرادەی ژن و گەنج و ئەم گەلە بشکێنن. منداڵەکانمان لە ئاهەنگی هەڵبژاردندا دەستگیر دەکرێن، ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین و ئیتر ڕێگە نادەین منداڵەکانمان ئەشکەنجە بدەن، ئێمە ڕێگە نادەین منداڵەکانمان بەبێ وڵات و بەبێ سەرۆکی شارەوانی بمێننەوە.

 

'ئێمە دوای ٨ ساڵ لێرەین'

فەڤزیە باڵکان ڕایگەیاند کە زۆر دڵخۆشە و وتی: ئێمە دوای ٨ ساڵ لێرەین، با لەم دەوڵەتە گەندەڵە ڕزگارمان بێت. مافی ئێمەیە، بەڵام بە دڕندەیی لێمان وەردەگرن. لەم دەوڵەتەدا دادپەروەری نییە. تا دوا دڵۆپی خوێنم خەبات دەکەم و ڕێگە بە دانانی قەیوم نادەین.

 

مەیمەنەت دۆلان وتی: بۆ یەکەمجار دوای دانانی هاوسەرۆکی شارەوانی لێرەم. ئێمە بە خۆڕاگرییەکی زۆرەوە ئیرادەی خۆمان و شارەوانییەکانمان وەرگرتەوە، لەمەودوا هیچ نیازێکمان نییە کە بیدەینەوە بە دەوڵەت، تاکە داواکاریمان لە هاوسەرۆکەکانمان خزمەتگوزارییە، با کولتوور و زمانمان زیندوو بێت، با لەم خاڵەدا هەنگاوێک بنێین و ئێستا ئەم شوێنە ماڵی ئێمەیە و ڕیگە بە دانانی قەیوم نادەین.