هەڵمەتی "دەمەوێت عەبدوڵا ئۆجالان ببینم" زیاتر لە دوو هەزار واژۆی کۆکردۆتەوە
زیاتر لە دوو هەزار واژۆ لە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریا کۆکراونەتەوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "دەمەوێت عەبدوڵا ئۆجالان ببینم"، کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکردووە، داوای هەڵوەشاندنەوەی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ
هەڵمەتی "دەمەوێت عەبدوڵا ئۆجالان ببینم" لە ٢٠ی ئاب لەلایەن "دەستپێشخەری ئازادی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە سووریا" و "پارێزەرانی بەرگری لە عەبدوڵا ئۆجالان لە سووریا" دەستیپێکرد، کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لەلایەن پلاتفۆرمی ئاشتی و ئازادی ئەوروپاوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەستیپێکرد و زیاتر سەرنجی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیەکانی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا.
هەڵمەتی "دەمەوێت عەبدوڵا ئۆجالان ببینم" بەشدارییەکی بەربڵاوی لەلایەن چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریاوە وەرگرتووە، کە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنییەکی بەرچاوی کۆمەڵایەتی و هاودەنگی مرۆییە.
لە چوارچێوەی هەڵمەتە جیهانییەکەدا، کە دروشمی "دەمەوێت عەبدوڵا ئۆجالان ببینم"دا هەڵگرتبوو، دوو هەزار و ٥٤١ واژۆ لە سەرانسەری سووریاوە کۆکرانەوە و ڕەوانەی دەزگا دیارەکانی نێودەوڵەتی کران، لەوانە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە "CPT"، ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا، ئەنجومەنی مافی مرۆڤ و وەزارەتی دادی تورکیا.
هەردوو دەستپێشخەری "دەستپێشخەری ئازادی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە سووریا" و "پارێزەرانی بەرگری لە عەبدوڵا ئۆجالان لە سووریا" ڕایانگەیاند، کە هەڵمەتەکە شاهیدی بەشداری بەرفراوانی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریا بووە، لەوانە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شارەکانی وەک دیمەشق، حەلەب، لازقیە، تارتووس، دەرعا، قنەیترە، سوەیدا ، و ئیدلب.
ئەم هەڵمەتە کەسایەتییە جیاوازەکانی نەتەوە و ئایینی کۆکردەوە، لەوانە کورد، عەرەب، سریانی، ئەرمەنی، ئێزدی، تورکمان، و چەرکەسییەکان، هەروەها نوێنەرانی مەزهەبە ئیسلامییە جیاوازەکان، وەک سوننە، عەلەوی، ئیسماعیلی و دروز.
لیستی واژۆکاران بریتی بوون لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ، ئەکادیمیستەکان، سیاسەتمەداران، ڕۆشنبیران، شێخەکانی خێڵەکان، زانایانی ئایینی، پزیشکان، ئەندازیاران، نوێنەری چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، کە هەموویان خواستی خۆیان دەربڕی بۆ شکاندنی ئەو گۆشەگیرییەی سەپێنراوە بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و کردنەوەی دەرگای دیدار لەگەڵیدا، هەنگاوێکە کە ڕەنگدانەوەی هاودەنگی بەربڵاوی مرۆڤایەتییە و بانگەوازێکە بۆ دادپەروەری و ئازادی.