"حکومەت ڕووبەڕووی سزاو خۆپشاندانی سەرتاسەری فەرمانبەران دەبێتەوە"

دەستەی داکۆکی لە مافەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران لەبەردەم پەروەردەی گشتیدا، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و وتیان: لە ئاکامی جێبەجێ نەکردنی داواکاریەکانمان حکومەت ڕووبەڕووی سزاو خۆپشاندانی سەرتاسەری فەرمانبەران دەبێتەوە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ ٦ی تشرینی دووەم، لە شاری سلێمانی دەستەی داکۆکی لە مافەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران کە لە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی پێکهاتوون، لەبەردەم پەروەردەی گشتی، بەمەبەستی داواکردنی مافە ڕەواکانیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

 

 بەیاننامەی دەستەکە لەلایەن مامۆستا ئاوات ئازادەوە خوێندرایەوەو تێیدا هاتووە:  تەواوی فەرمانبەران و مامۆستایان داوای مافە ڕەواکانی خۆمان دەکەین و  موچەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ڕێگەی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەینەوە بەسەر موچەخۆراندا دابەشبکرێت و هەژماری من ڕەتدەکەینەوە، هێنانی بانکی تی بی ئای پلانگێڕی حیزب و دەسەڵاتی مشەخۆر بوە بۆ گەلی کورد و تەواوی هەژماری من و بانکی تی بی ئای ڕەتدەکەینەوە، لەلایەن حکومەتەوە پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان ڕاگیراوە لە ئەنجامدا حکومەت ڕوبەڕووی زەبری توند دەبێتەوە.

 

وتیشی: فەوتانی هیچ موچەیەکی فەرمانبەران قبوڵ ناکەین و تەواوی ئەو وەزیرانەی لایەنگری دز و مافخواردنی هاوڵاتیان دەکەنەوە ڕوبەڕووی سزایان دەکەینەوە، ڕۆژ بەڕۆژ ئەرکی مامۆستایان زیاد دەکەن و موچەکانیان لە کاتی خۆیدا پێنادرێت، پێویستە تەواوی لایەنەکان و حزبەکان دژی تەوتینی موچەبن، لە ئاکامی جێبەجێ نەکردنی داواکاریەکانمان حکومەت ڕووبەڕووی سزاو خۆپشاندانی سەرتاسەری فەرمانبەران دەبێتەوە.