بەڕێوەبەری کۆمپانیانی چەتر و سەندیكای ڕۆژنامەنووسان ئیدانەی هێرشەکەی سەیدسادق دەکەن
لقى سلێمانى سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان ئیدانەی هێرشەکەی سەر دوو ڕۆژنامەنووسەكەی كۆمپانیای چەتر دەكەن، هەروەها بەڕێوەبەری کۆمپانی چەتر ڕایگەیاند ئەو دوو کەسە ڕۆژنامەنووسن و دوورن لە سیاسەت.
ناوەندی هەواڵ
لە پاش ڕووداوەکەی سەیدسادق و گیان لەدەستدانی دوو ڕۆژنامەنووس، کەمێک پێش ئێستا کەمال حەمە ڕەزا بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای چەتر بۆکارى میدیاى لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەربارەی ڕووداوی گیان لەدەستدانی دوو ڕۆژنامەنووس و برینداربوونی ڕۆژنامەنووسێکى دیکە ڕایگەیاند، بێگومان دەستێکی ڕەشی ناوخۆیی و دەستێکی سیخوڕی وایکرد دەزگای سیخوڕى دەوڵەتى تورک ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەمان شەهید بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵێک دەزگای ڕاگەیاندنی چەواشەکار دوور لە ئێتیکی کاری ڕۆژنامەوانی بڵاویان کردووەتەوە کە ئەو سێ کەسەی بوونەتە قوربانی چەکداری پەکەکەن، ئەو سێ کەسە ڕۆژنامەنووسن و دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکیان بە سیاسەتەوە نییە، دەمەوێت بە تایبەت ناسنامەی شەهید گولستان تارا ڕوونبکەمەوە کە خەڵکی باتمانی باکووری کوردستانە و ماوەی سێ ساڵە ئازادانە لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا لە کۆمپانیاى چەتر کار دەکات.
لەبارەى کەسی دووەمەوە وتی: هێرۆ بەهادین لە دایکبووی شاری سلێمانییە و بنەماڵەکەشی خەڵکی گوندی تیمارن لە شارەدێی سەنگاو، هەروەها، ڕێبین بەکریش کە بریندارە بەهەمان شێوە خەڵکی شاری سلێمانییە.
لە کۆتایشدا بەڕێوەبەرى کۆمپانیای چەتر وتی: داوا لە هەموو لایەک دەکەم بە خستنەڕووی ڕاستییەکان ڕووبەڕووی ئەو دەزگا چەواشەکارانە ببنەوە.
"ئیدانەی هێرشەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان دەکەین"
كاروان ئەنوەر سەرۆكی لقى سلێمانى سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان لە بارەی گیان لەدەستدانی دوو ڕۆژنامەنووسی كۆمپانیای چەتر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەداخەوە ئەمڕۆ دوو ڕۆژنامەنووسی كۆمپانیای چەتر گیانیان لەدەستدا، ئێمە بە توندى ئیدانەی هەر هێرشێک بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان دەكەین، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان ڕۆژنامەنووس بەدەرە لە هەموو قەیرانەكان، تەنانەت لە ناو جەنگیشدا ڕۆژنامەنووس گولەی ئاراستە ناكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا وەرچەرخانێكە بە ئاراستەیەكی خراپ، ئێمە لەگەڵ سەنتەری میترۆ ڕاگەیاندراوی هاوبەشمان دەبێت، هەروەها ئەم ڕووداوەى ئەمڕۆ دەگەیەنینە سەرجەم ڕێكخراو و فیدراسیۆنە نێودەوڵەتییەكان.
لەكۆتایشدا وتی: هیوادارین ئەمە دواین کارەساتى ڕۆژنامەنووسان بێت، چونكە ڕۆژنامەنووسان نە چەک بەدەستن نە هێزیان هەیە، بەڵام كە پرشی ئاگرمان بەركەوت دەبێت هەڵوێستى خۆمان وەربگرین، كە جارێكی دیكە بەمشێوەیە ڕۆژنامەنووسانمان نەكرێتە قوربانی كێشەكانی ناوچەكە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی لە نزیک شارۆچکەی سەیدسادق کرد، بە هۆیەوە گۆڵستان تارا، خەڵکی باکووری کۆردستان کە لە ساڵی ٢٠٠٠ وە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات و هێرۆ بەهادین خەڵکى شارەدێى سەنگاو، کە کارى مۆنتێرى دەکرد لە کۆمپانیاى چەتر گیانیان بەختکرد و هەروەها ڕۆژنامەنووسێکیش بەناوى ڕێبین بەکر، کە تەمەنى ٣٠ ساڵە و خەڵکى سلێمانییە و سەرپەرشتیارى دیجیتاڵ میدیاى کۆمپانیاى چەترە، بریندار بووە.