نەتەوە یەکگرتووەکان: لە کاتژمێرێکدا زیاتر لە ٥ ژن کوژراون

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات کە ساڵی ڕابردوو-٢٠٢١ لە هەر کاتژمێرێکدا زیاتر لە پێنج ژن لەلایەن ئەندامێکی خێزانەکەیەوە کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاپۆرتێکدا کە لەلایەن فەرمانگەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان-UNODC و ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان بڵاوکراوەتەوە، ڕایانگەیاندووە، بە تێکڕا لە ساڵی ٢٠٢١دا لە هەر کاتژمێرێکدا زیاتر لە پێنج ژن لەلایەن کەسێک لە خێزانەکەیانەوە کوژراون.

 

لەو ساڵەدا ٨١ هەزار ژن و کچ بە ئەنقەست کوژران، ٤٥ هەزاریان بە دەستی هاوبەشە نزیکەکانیان یان ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیان کوژراون، ٪١١ی سەرجەم کوشتنەکانیش لەلایەن پیاوانەوە لە ماڵدا ئەنجامدەدرێن ئەمەش دەریدەخات کە ماڵ شوێنێکی سەلامەت نییە بۆ زۆرێک لە ژنان و کچان.

 

سیما باهۆس، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەداوە لە پشت هەموو ئامارێکی ژنکوژییەوە چیرۆکی تاکە ژنێک هەیە، بەپێی دەرئەنجامی ڕاپۆرتەکەش دەرکەوتووە کە توندوتیژی دژی ژنان و کچان یەکێکە لە بەربڵاوترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهاندا.

 

ئامارەکان دەریدەخەن کە ژمارەی گشتی کوشتنی ژنان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا تاڕادەیەکی زۆر وەک خۆی ماوەتەوە، هێشتا زۆرێک لە کوشتنەکانیش ئاشکرا و تۆمار نەکراون، بەپێی ڕاپۆرتەکە نزیکەی چوار لە هەر ١٠ ژنێک کە لە ساڵی ٢٠٢١دا بە ئەنقەست کوژراون، زانیاری تەواویان بەردەست نییە و بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

 

غەدە وەلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری UNODC دەڵێت: "نابێت هیچ ژنێک لە ژیانی خۆی بترسێت بەهۆی ئەوەی کە کێیە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆ وەستاندنی هەموو جۆرە کوشتنێکی ژن کە پەیوەندی بە جێندەرەوە هەیە، پێویستە هەموو قوربانییەکان لە جیهاندا بژمێرین، بە تێگەیشتن لە مەترسییەکان و هۆکارەکان باشترین وەڵامی خۆپارێزی و دادپەروەری بۆ ژنان بدەینەوە".

 

بەپێی وتەی دێلفین شانتز، بەرپرسی ئۆفیسی UNODC لە نیویۆرک، هەبوونی زانیاری لەسەر پەیوەندی نێوان تاوانباران و قوربانییەکانیان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئەم مردنانە لە ئامارە فەرمییەکاندا تۆماربکرێن، ئاماژەی بەوەشکردووە، "نەبوونی داتای پێویست، وەستاندنی ئەم تاوانانە و وەرگرتنی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و پەرەپێدانی سیاسەت قورستر دەکات".

 

ڕاپۆرتەکە ئاماری کوشتنی ژنان لە جیهاندا دەخاتەڕوو

توندوتیژی دژی ژنان لە جیهاندا بوونی هەیە و تایبەت نییە بە ناوچەیەک، بەڵام ڕێژەکەی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازی هەیە، لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژە بە جیاوازییە ناوچەییەکان کراوە، بەم شێوەیە؛

 

ئاسیا لە ساڵی ٢٠٢١دا زۆرترین ژمارەی کوشتنی پەیوەست بە ڕەگەزی لە بواری تایبەتدا تۆمارکردووە، هەروەها ژنان و کچان لە ئەفریقا زیاتر مەترسی کوشتنیان لەسەر بووە لەلایەن هاوبەشە نزیکەکانیان یان ئەندامانی دیکەی خێزانەکانیانەوە.

 

هەروەها توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ لە ساڵی ٢٠٢٠ هاوکات بووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی کوشتنەکانی پەیوەست بە جێندەر لە بواری تایبەت لە ئەمریکای باکوور و تا ڕادەیەک لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و باشوور.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لە ڕێگەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دەکاتەوە و تیشکدەخاتە سەر چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکان، لەوانە،  لە ڕێگەی گۆڕینی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و نەهێشتنی نایەکسانی جێندەری.

 

لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتژیدا

سارا هندریکس، بەڕێوەبەری بەشی بەرنامە و سیاسەت و پەیوەندی نێوان حکومەتەکان لە ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەبیری هێنایەوە کە تەوەری ئەمساڵ لەسەر چالاکییەکانە، "بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو وڵاتانەی بزووتنەوەی بەهێز و سەربەخۆی مافی ژنانیان هەیە، پێشکەوتنی زیاتریان بەدەستهێناوە لە پێشگرتن و تەنانەت کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە دڵنیاییەوە داوا لە هەمووان دەکەین ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، دەزانین توندوتیژی دژی ژنان و کچان دەست دەخاتەسەر هەموو کایەکانی ژیانمان لە سەرتاسەری هەموو وڵاتێکدا. ئێمە پێمانوایە هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانێت جیاوازی دروست بکات".