هەزاران کەس ناڕەزایەتی دژ بە سیاسەتەکانی نەتانیاهۆ و لایەنگرانی دەردەبڕن

دوای ئەوەی شەڕی کەرتی غەززە پێی نایە مانگی حەوتەمەوە، هەزاران هاوڵاتی ئیسرائیلی بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکان دژی سیاسەتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد و داوای ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە و دەستلەکارکێشانەوەیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیسرائیلییەکان لە تاوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ و لایەنگرانی ڕزگاریان نەبووە، دوای ئەوەی ژنێکی بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی ئیسرائیل بوو بە ژێر زرێپۆشی هێزێکی ئەمنی ئیسرائیلییەوە، ناڕەزایەتییەکان دژی سیاسەتی ناتانیاهۆ تەشەنەی سەند، دوێنێش ١٠٠ هەزار کەس لە شاری تەلئەبیبی ئیسرائیل دژی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل خۆپیشاندانیان کرد و دروشمی “ئێمە ناترسین”، “ئێوە وڵاتتان وێران کردووە”، “ناتانیاهۆ مەترسییە بۆ ئیسرائیل”یان وتەوە، داواشیان کرد، هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی و گەڕانەوەی دیلەکانی شەڕی کەرتی غەززە ئەنجام بدرێت.

 

لە زۆرێک لە شارەکانی دیکەشدا خۆپیشاندانی ناڕەزایی ڕێکخرابوو، ڕێبەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل کە بەشداری خۆپیشاندانەکەی کردبوو، پێش ئەوەی وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت بۆ گفتوگۆکردن لە واشنتۆن، ڕایگەیاند، "ئەوان هیچ فێر نەبوون، نەگۆڕاون، ئەگەر نەیاننێرینەوە بۆ ماڵەوە، دەرفەت نادەن بەم وڵاتە کە پێشبکەوێت".

 

بەگوێرەی میدیا ئیسرائیلییەکان، شەڕ و پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا ڕوویداوە، بەهۆی ئەوەی لە کۆتایی خۆپیشاندانەکەدا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی بەسەر جەماوەرێکی ناڕازیدا تێپەڕی و ژنێک برینداربووە و لە دۆخێکی ناجێگیردا گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەرکردن، هەروەها دوو کەسی دیکە برینداربوون، بڕیارە ئەمڕۆش خۆپیشاندانی دیکە لە چەندین شار ڕێکبخرێت.