شەیما عەدنان: پێویستە بە زووترین کات هاوکارییەکان بگاتە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان

لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان کەمپینی هاوکاری بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت و یەکێک لە ڕێکخەرانی کەمپینەکە دەڵێت: دەبێت هاوکارییەکان بە زووترین کات بگاتە هاوڵاتیانی زیانلێکەوتوو.

گەرمیان

 

لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ژماریەک لە چالاکوانان و خێرخوازان و وڵاتپارێزان، بە ناوی "کەمپینی ئەنجومەنی هاوکاری گەرمیان" کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکارییان بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد.

 

کەمپینەکە لەناو بازاڕی شارۆچکەی کەلار سندوقی هاوکارییان داناوە و لە ڕێگەی کۆکردنەوەی پارە و ناردنی بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان هاوکارییەکان دەنێرن.

 

شەیما عەدنان، چالاکوان و ئەندامی کەمپینەکە باسی لەوەکرد کە پێویستە هاوکارییەکان بە زووترین کات بگاتە دەستی کوردانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بۆیە بە باشیان زانیوە لە ڕێگەی کۆکردنەوەی پارە و ناردنی بۆ باکوور و ڕۆژئاوا بە زووترین کات، هاوکارییەکان بگەیەنن.

 

شەیما عەدنان وتیشی: هاوڵاتیان زۆر باش پێشوازی دەکەن و بەدەم بانگەوازییەکانەوە دەچن، ژنانی گەرمیان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە و بەشداری لە کەمپینەکەدا دەکەن، بانگەوازیمان لە گەلەکەمان لە باشووری کوردستان هەیە، لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان کەمپین هەیە و بەشداری تێدا بکەن.

 

شەیما عەدنان باسی لەوەکرد کە پێویستە وەک باشووری کوردستان هاوکارییەکان بگەیەنین، "خەڵکی باکووری کوردستان ڕایانگەیاند کە پشت بە هاوکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا نابەستن، بەڵکو داواکارییان لە گەلەکەیان هەیە، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمەش بانگەوازی دەکەین کە پێویستە پشت بە خۆمان ببەستین و چاوەڕێی دەسەڵات و دەوڵەتی داگیرکار نەبین و هاوکارییەکانمان بگەیەنین.