ئەنجامنامەی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق ڕاگەیەندرا

ئەنجامنامەی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق ڕاگەیەندرا و ئاماژە بەوەدرا نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەوروپا و زۆرێک لە پەرلەمانەکانی جیهان کارەساتی شەنگال/شەنگالیان بە "جینۆساید" ناساندووە، داواکارین پەرلەمانی دیکە بە فەرمی دان بەو کۆمەڵکوژییەدا بنێن

بەغدا

 

ئەنجامنامەی کۆتایی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق، کە ئەمڕۆ، ٣٠ی تەمموزی ٢٠٢٢ لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو، بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنانی ئازاد بەرەنگاری جینۆسایدی شەنگال دەبینەوە" ڕاگەیەندرا.

 

دەقی ئەنجامنامەکە:

 

بەهۆی هێرشە کۆمەڵکوژییەکان و کۆمەڵکوژی (قڕکردن)ی ژنان کە لە ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە شەنگال ئەنجامدرا، هەموومان لەناخەوە ئازارمان چەشت و برینداربووین، پێمان وایە ئەم هێرشانە کە ژنانی ئێزدییان بە تایبەتی کردبووە ئامانج، کاریگەریی لەسەر هەموومان هەبووە. بەداخەوە ئەم جینۆسایدە لە شنگال یەکەم جینۆسایدی لەو جۆرە نەبوو.

 

دووپاتی دەکەینەوە کە چالاکانە خەباتمان لە دژی هەموو جۆرە کۆنەپەرستی و جیاکارییەکی، وەک ڕەگەزی، نەتەوەیی، تائیفی و ئایینی پەرەپێدەدەین، تاکو لە داهاتوودا کارەساتی هاوشێوە بەسەرهیچ نەتەوە و پێکهاتەیەکی کۆمەڵگە دووبارە نەبێتەوە. ئێمە وەک ژنان، پێمان وایە تا ژنان زیاتر پەرە بە خۆمان بدەین و ڕیزەکانمان لەسەر بنەمای ئیرادەی ئازاد ڕێکبخەین، زیاتر دەتوانین بەشدارییەکی کاریگەرانە بکەین لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی دیموکراسی و ئازادی و ئاشتی لە وڵاتەکانماندا.

 

هیچ وڵات و دامەزراوەیەک لێکۆڵینەوەی وردی لەم هێرشە سیستماتیکە بۆ سەر خەڵکی شنگال نەکردووە، ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەو ڕووداوە تاکو ئێستا ئاشکرا نەکراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە، ئەوەش لەلایەن ئێمەوە بەتەواوی ڕەتدەکرێتەوە و قبوڵ کراو نییە. سەرەڕای ئەوەی کە شنگال ناوەچەکەی کێشە لەسەرە، بەڵام بەرپرسیارێتی ئەم هەرێمە لەڕووی کارگێڕییەوە بەستراوەتەوە بە حکومەتی ناوەندی عێراقەوە و حکومەتی هەرێمیش بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە. بەڵام نە حکومەتی هەرێم نە عێراق دۆسیەی شەنگالیان نەخستووەتە سەر مێزی گفتوگۆ و کەسیان نەچوونەتە ژێر باری بەرپرسیارێتی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە بەسەر خەڵک و ژنانی ئێزدییدا هات.

 

بۆیە بەگرنگمان زانی ڕاپۆرتی تەمموزی ٢٠٢٢ی کۆمیسیۆنی دادی ئێزدییەکان بە ناونیشانی "بەرپرسیارێتی دەوڵەت و جینۆسایدی ئێزدییەکان" بڵاوبکەینەوە. داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین لەسەرو هەموویانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای نێودەوڵەتی لاهای بۆ تاوانەکانی جەنگ، بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەوروپا و زۆرێک لە پەرلەمانەکانی جیهان کارەساتی شەنگایان بە "جینۆساید" ناساندووە. پیرۆزبایی لە هەموو ئەو دامەزراوانە دەکەین کە ئەم بڕیارەیان داوە، داواش لە پەرلەمان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە دەکەین بە فەرمی دان بەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەدا بنێن کە لە شنگال ڕوویدا. هه‌روه‌ها داوا له‌و وڵات و دامه‌زراوانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ فه‌رمی دانیان به‌م جینۆسایده‌دا ناوه‌، ده‌ستبكه‌ن به‌ دادگایی کردنی ئەو کەسانەی به‌رپرسن لەو ڕووداوە.

 

پێویستە وڵاتانی جیهان کاربکەن بۆ ڕزگارکردنی  ژنان و منداڵانی ئێزدی کە تا ئێستاش لە چنگی داعشدان. هەروەها دەبێت ئەو ئاستەنگانەی کە لەبەردەم گەڕانەوەی ئێزدییەکاندایە بۆ زێدی خۆیان نەهێڵدرێن. داوا لە پەدەکە دەكەین ڕێگرییەکانی بەرامبەر گەڕانەوەی ئاوارەکان بوەستێنێت. جگە لەوەش، جارێکی دیکە داوا لە هەموو دەوڵەتانی زلهێزدەکەین پشتیوانی لەو هەوڵانە بکەن کە ئامانجیان قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتیانی ئێزدی زیان لێکەوتووە بەهۆی ئەو ڕووداوە خەمناکەوە، پاککردنەوەی ناوچە نیشتەجێبوونەکان لە پاشماوەی مین کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە چێنراون، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی شەنگال

 

تا ئێستا "جینۆسایدی ژنان" لە لیستی تاوانە جەنگییەکان لە یاسا نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی پێنەکراوە. بۆیە داوا لە هەموو ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، بە تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، "جینۆسایدی ژنان" کە لە شنگال ڕوویدا، بە تاوانی جەنگ و تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی لە قەڵەم بدەن.

 

ئێمە بەرگری لە مافی هەموو گەل و نەتەوە و بیروباوەڕەکان دەکەین بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لە بەرامبەر مەترسیەکانی جینۆساید و ژنکوژی و ڕایدەگەیەنین، کە هێزەکانی خۆپاراستن (یەبەشە) کە لە خەڵک و ژنانی شەنگال دروستبووە، وەک مافێکی ڕەوای خۆیان ببیندرێن، بۆیە داوا لە هەموو ئەو کۆمەڵانە دەکەین کە پاڵپشتی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن، پشتگیری و پشتیوانی لە واقیعی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراسی بۆ خەڵکی شنگال بکەن.

 

تا ئەمڕۆش خەڵکی شەنگال بە پشت بەستن بە تواناکانی خۆیان هەوڵیان داوە شوێنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بکەنه‌وە، وەک نەخۆشخانە و قوتابخانە و پەرستگاکان. لە کاتێکدا بەهیوابوون وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەگشتی و دەوڵەتی عێراق بە تایبەتی بەشداری بکەن لە ساڕێژکردنی برینەکانی ئەم گەلە، بەڵام لەبری ئەوە دەبینین دەوڵەتی تورکیا و عێراق هەریەک بەشێوەیەک هێرش دەکاتە سەر شەنگال، هەموو ئەو هێرشانە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین کە دەوڵەتی تورک بۆ سەر ئێزیدیەکان و دانیشتووی شەنگال دەستی پێکردووە و داوا دەکەین دەستبەجێ هەموو ئەو هێرشانە بوەستن. هه‌روه‌ها داوا له‌ هێزه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین گه‌مارۆی ئاسمانی بسه‌پێنن به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی تورک كه‌ به‌ ئاسمانی شه‌نگال بۆردومان ده‌كات و ئه‌مه‌ش به‌ پێشمه‌رجێک ده‌بینین.

 

سەبارەت بەو ڕێککەوتنەی لە نێوان حکومەتی ناوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی واژۆ کراوە لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا و هاوڵاتیانی شەنگال تێێدا بەشدار نەبوون، داوا دەکەین بەزووترین کات هەڵبووەشێتەوە و کۆتایی پێبێت.

 

بە دڵنیاییەوە پێویستە ژنان لە هەموو بڕیارەکانی پەیوەست بە شنگالدا بەشداری پێبکرێن، چونکه ئەوان قوربانی سەرەکی هێرشەکانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەموو بڕیارێک کە جێگەی ئیرادەی ژنان تیایدا نەبێت، نادادپەروەرانەیە و هەمیشەیی نییە.

 

داعش بە بیانووی ئایین هێرشی دڕندانەی بۆ سەر ئێزدییەکان دەستپێکرد. بۆیە داوا لە هەموو ئایین و ئایدیۆلۆژییای جیاواز دەکەین کە بەشداری ئەم تاوانەیان نەکردووە، هاوسۆزی لەگەڵ گەلی ئێزدی نیشان بدەن و گفتوگۆی نێوان ئاینە جیاوازەکان بەرەوپێش بەرن.

 

بەناوی سەرجەم ژنانی ئامادەبووی ئەم کۆنفرانسە ڕایدەگەیەنین کە باشترین و دروستترین وەڵام بۆ ئەم کارەساتە کە کاریگەری لەسەر ژنانی ئێزدی جێهێشتووە، پتەوکردنی ڕێکخستن و هاوپشتی ژنانی جیهانە، هەروەها بانگەوازی لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین کە پێکەوە تێبکۆشن بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی بەرپرسیارن بەرامبەر کۆمەڵکوژی شەنگال.