سەرۆکی ڕێکخراوی سینەما هەڕەشەی لە سینەماکارە ناڕازییەکان کرد

لە ڕێوڕەسمێکدا بەرپرسی ڕێکخراوی سینەمایی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێران هەڕەشەی لە سینەماکارانی ناڕازی و ئەو کەسانە کرد کە بەبێ مۆڵەت لە بەرهەمهێنانی فیلمدا هاوکارن، کە هاوکارییەکانیان ڕابگرن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ئایار، محەمەد خەزاعی، سەرۆکی ڕێکخراوی سینەمایی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێران، لە ڕێوڕەسمێکدا بۆ ڕێزگرتن لە سینەماکارانی حکومەت، هەڕەشەی لە سینەماکارانی ناڕازی گرت و وتی: "هەر کەسێک، بە هەر هۆکارێک بێت، فیلمی نایاسایی و قاچاخ لە ئێران و دەرەوەی ئێران بەرهەمبهێنێت و کارەکانی دژی ئێران بێت، ئێمە هاوکاری و پەیوەنییەکانمان بۆیان ڕادەگرین".

 

بە وتەی ئەم بەرپرسە حکومییە، هەموو ئەکتەر و بەرهەمهێنەر و بریکارە تەکنیکیەکانی ناو فیلمە بێ مۆڵەتەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و کێشە بۆ خۆیان و کارەکانیان دروستدەکرێت.

 

محەممەد خەزاعی لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە فێستیڤاڵەکە و ئەو فیلمانەش کرد کە لەسەر سنووردارکردنی سەختی ئێران دروستکراون و وتی: ئەرکی ئێمە پاراستنی سینەما و ڕەخساندنی ئاسایشی کارە، کە فیلمێک لە ژێرزەمین بەرهەم بهێنرێت و بخرێتە بازاڕەوە و بەپێی شەریعەت نەبێت، ئاسایشی کار دەخاتە مەترسییەوە.

 

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە لە ساڵی ڕابردوودا سەدان سینەماکارانی ئێرانی ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە دەستدرێژی سێکسی و هەراسانکردن و پشتیوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییان کرد.