گەلی شەنگال بە بەرخۆدانییان سەردەکەون
ئێوارەی دوێنێ هێزێکی سوپای عێراق دەیویست بچێتە ناو گوندی گرزەرک، لەلایەن گەلەوە بەرهەڵستی کرا و بەو بەرخۆدانییەی ژنان کردیان توانیان پاشەکشە بە سوپای عێراق بکەن.
ناوەندی هەواڵ
ئێوارەی دوێنێ کاتژمێر ٥ی ئێوارە هێزێکی سوپای عێراق دەیویست بچێتە ناو گوندی گرزەرکی باشوری ڕۆژئاوای شەنگال، هەر زوو لەلایەن خەڵکی شەنگالەوە کە زۆربەیان ژن بوون ڕێگەیان لێگیرا و دەستیان بە ناڕەزایەتی کرد، ئاماژەشیان بەوەدا ئێمە پێویستمان بە هیچ هێزێک نییە، دایکێکیش دەڵێت ئەگەر بۆ پاراستن هاتوون با بچن بعاج بپارێزن ئەگەر ڕاست دەکەن، دەشڵێت دەیانەوێت بە هێز ئێمە دەربکەن، بەخوا ناتوانن هەتا ڕۆژی کۆتایش بە خوێنی خۆمان دەیپارێزین و لێرە دەرناچین.
لەو شوێنەی خەڵکی شەنگال ڕێگریان لە هێزەکەی سوپای عێراق کرد، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی، بمرێ خیانەت و بژی بەرخۆدانی شەنگال"یان دەوتەوە تا درەنگانێکی شەو لەوێدا مانەوە و بە ئاگر کردنەوە و گۆرانی وتن بەرخۆدانیان درێژە پێدا.
هێزەکە لە درەنگانێکی شەودا پاشەکشەیان کرد و گەڕانەوە، هاوڵاتیانیش کۆتاییان بە چالاکییەکانیان هێنا.
ت.پ