"داعش مەترسیدارترین ڕێکخراوە کە لە کەمپێکی مرۆییدا ڕووبەڕووی دەبینەوە"
جیهان حەنان، بەڕێوەبەری کامپی هۆل، ئاماژە بەوەدەکات کە داعش مەترسیدارترین ڕێکخراوی جیهانە و وتیشی: "چارەسەری کێشەی کامپەکە گەڕانەوەی هەموو ئەو کەسانەی ناو کامپی هۆلە بۆ وڵاتانی خۆیان".
سۆرگوڵ شێخۆ
حەسەکە- کامپی هۆل دەکەوێتە ٤٥ کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کامپەکە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە ژێر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیدایە و لە ٩ بەشی ئاوارە سورییەکان و پەنابەرانی عێراقی و بەشێک لە ژنانی بیانی داعش پێکدێت کە لە ٥٢ وڵاتەوە هاتوون، کۆی ژمارەیان ٥٤ هەزار و ٣٩٠ کەسە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کار دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە چەتەکانی داعش لە ئەنجامدانی تاوانی کوشتن لەناو کامپەکەدا، بۆ ئەو مەبەستەش قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنییان دەستپێکرد بەپێی دوایین ئامار لە ڕۆژی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا ٢٣ کەس بە گومانی داعش بوون دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە، ٢٣ چادر کە شوێنی پەروەردەو دادگا بوون لابراون، هەندێک تونێلیش دۆزرانەوە و لاپتۆپیک، هەشت تەلەفۆن و تابلێتێک کە شاردرابوونەوە دەستیانبەسەردا گیرا، بە کۆی گشتی ١١٣ چادر لابراون و ١٠ کەسیش بە گومانی داعش بوون دەستگیرکراون ئۆپەراسیۆنەکە لە شەشەم ڕۆژیدا بەردەوامە.
جیهان حەنان بەڕێوەبەری کامپی هۆل لەو بارەیەوە قسەی بۆ ئاژانسی نوژنها کرد.
"لە کەمپەکەدا دوو هێڵ هەیە، یەکێکیان لایەنی مرۆییەتی و ئەوی دیکەشیان لایەنی تیرۆریستییە"
جیهان حەنان ئاماژەی بەوەکرد کە دوو هێڵ لە کامپەکەدا هەیە کە یەکێکیان لایەنی مرۆیی خۆیەتی و ئەوی دیکەشیان لایەنی تیرۆریستییە وتی: " لێرە دوو هێڵ هەیە لەلایەک ئاوارە و کۆچبەرانی سوریا و عێراق کە بەهۆی شەڕەکانی وڵات و هەرێمەکانیانەوە ڕوویان لە کامپەکە کردووە، لایەکەی دیکەیش لەنێو ئەو کەسانەدایە کە ڕێگای داعشیان هەڵبژاردووە کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی مەترسیدارە لە جیهاندا، دیسان چەتەکانی داعش و شانەکانیان خۆیان لە کامپەکەدا ڕێکخست و بنکەیەکی بەهێزیان بۆ خۆیان دامەزراند، ساڵ لەدوای ساڵ ڕێکخراوەکەیان بەهێزتر بوو، بۆیە توانیان کۆنتڕۆڵی کامپەکە بکەن و دڕندەیی خۆیان لەناو هەموو پەنابەران و کۆچبەران بڵاو بکەنەوە، بۆیە لایەنی مرۆیی هەیە و لایەکی تر تیرۆریزمە کە لە هەموو جیهاندا مەترسی دروست دەکات".
"ئێمە هاوکاری دەکەین، بەڵام نازانین ئایا ئێمە هاوکاری خەڵکی بێتاوان دەکەین یان شانەکانی داعش"
جیهان حەنان ئەوەی خستەڕوو ناتوانن شانەکان لە پەنابەران جیابکەینەوەو بیانناسینەوە، " ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتییەکی مەدەنی کامپەکە پەیوەندیمان لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییەکان و هەموو ئەو کەسانەی کە لە کامپەکەدا دەژین هەیە بەڵام ناتوانین شانەی داعش لە پەنابەران جیابکەینەوە چونکە نایان ناسینەوە، چونکە شانەکان و چەتەکان لەناویاندا خۆیان حەشارداوە، ئێمە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە کامپەکەدا دەژین گفتوگۆ دەکەین و یارمەتیان دەدەین ئێمە یارمەتی مرۆییان دەدەین، بەڵام نازانین بەڕاستی دەیدەینە خەڵکی بێتاوان یان بە چەتەکان".
هەروەها تیشكی خستەسەر ئەو زەحمەتیانەی کە ڕووبەڕویان دەبێتەوەو وتی: "ئێمە ڕووبەڕووی چەندین زەحمەتی دەبینەوە کاتێک ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی دەستپێدەکات و بە ئەنجامێکی باش بەڕێوە دەچێت، دەبێت لایەنی مرۆیی و یارمەتیش هەبێت و نابێت یارمەتی لەسەر کامپێک بوەستێندرێت کە ٥٤ هەزار و ٣٩٠ کەسی تێدا دەژین، رێکخراوە هاریکارییەکان ئەمە دەکەن، کە زەحمەتی زۆرەو ئێمە وەک ئیدارەی کامپەکه هاوکاریەکانمان نەوەستاندوەو بەشی تەندروستی ئامادەیە و خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی ژیانی مرۆڤیش ئامادەیە".
"چارەسەرکردنی کێشەی کامپی هۆل"
جیهان حەنان ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی لەم پرۆسەیەدا زۆر پێویستە و وتی: "بەهۆی تاوان و کوشتنەکانی ناو کامپەکەوە، هەڕەشەکانی سەر پەنابەران و کۆچبەران و نەتوانینی جوڵانەوەی هاوکاری و ڕێکخراوە یارمەتییەکان لەو کامپەدا، پێویستی بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لەو جۆرە بوو، هەروەها بەم دواییانە داوامان لە هاوکارانمان کردووە لە هێزە نێودەوڵەتییەکانی بەرپرسی دۆسیەی کامپی هۆل کە هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بە شانەکانی داعش بهێنین، گەڕانەوەی ئاوارە و کۆچبەرانی عێراق و سوریاش یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێمە بۆ ئەوەی کێشەی کامپەکە چارەسەر بکرێت، پێویستە وڵاتانی دەرەوە بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆبگرن و هاوڵاتیانی خۆیان ببەنەوە وڵاتەکانیان".