فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسانی عەرەبی داوای ڕاگرتنی هێرشەکان دەکات

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسانی عەرەبی داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد فشار بخەنە سەر تورکیا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

ناوەندی هەواڵ

 

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسانی عەرەبی بەیاننامەیەکی نوسراوی سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوکردەوە، لە بەیاننامەکەدا ناوی ئەو کەسانەی لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە داندراوە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزار کرا، تێیدا هاتووە: بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بە هێرشی نایاسایی دەبینین، ئەم هێرشانە پێشێلکردنی یاسای نەتەوە یەکگرتووەکان و نێودەوڵەتییە، هەموو هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا شەرمەزار دەکەین.

 

لە بەیاننامەکەدا، بانگەواز بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش و هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کراون:

 

١- فشارێکی جدی بخەنە سەر حکومەتی تورکیا بۆ وەستاندنی هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

٢- با دەوڵەتی تورک لە ناوچە داگیرکراوەکانی سووریا بکشێتەوە.

 

٣-پێویستە داگیرکەرانی تورکیا و هێرشە سەربازییەکانی و ئەنجامەکانی ئەو هێرشانە و هەروەها پێشێلکارییەکانی دژی خەڵکی سووریا دیاری بکرێن.

 

٤- هێرشەکان بۆ سەر نەخۆشخانەکان و ناوەندە تەندروستییە  جێگیرو گەڕۆکەکان، بۆ سەر تیمەکانی تەندروستی و ڕزگارکردن ڕابگیرێن، پێویستە دەرفەت بدرێت بۆ لابردنی بریندارەکان و تەرمەکان و ڕزگارکردنی ژیانی ئەو کەسانەی کە لەژێر داروپەردوو وێرانەکەدا مابوونەوە.

 

٥- فشارخستنە سەر حکومەتی تورکیا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان لەڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و هێرشەکانی هاوپەیمانەکانی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و کڵێسا و شوێنەکانی پەرستن و موڵکی گشتی و تایبەت، واز لە تاڵانکردن و دزیی بهێنن.

 

٦- پێویستە کۆمیتەیەکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ دروست بکرێت، نوێنەرانی فیدراسیۆنی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی مافی ژنان لە سووریا دەبێت لە کۆمیتەکەدابەشدار بن، ئەرکی ئەم کۆمیتەیە ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیایە بۆ دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەو بەرپرسانەی کە بوونەتە هۆی کۆمەڵکوژی و بریندارکردنی هاوڵاتیان بەرپرسیار بکرێن.

 

٧-داوا لە ڕێکخراوە یاسایی و مەدەنییەکانی سووریا دەکەین هاوکاری بکەن لە دۆکیومێنتکردنی ئەو تاوانانەی کە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە ئەنجامدراون.

 

٨- داوا لە دەزگاو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات گرنگی بە پێداویستییە ئابووری و مرۆییەکانی ئەو شار و گوندانە بدەن کە بەهۆی کارەساتەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیانیان بەرکەوتووە.

 

٩- لە هەموو پێکهاتەکانی شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خەباتی گەل و یاسایی پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکانی هێزە داگیرکەرە ڕەگەزپەرستەکان و کۆتاییهێنان پێیان.