زەینەب جەلالیان، چالاکوانی سیاسی کورد چارەسەرییە پزیشکییەکەی ڕەتکراوەتەوە

ڕاپۆرتێکی مافەکانی مرۆڤ ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی کورد هێشتا لە چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە و لە زیندانی یەزد زیندانی کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی هەواڵی "هرانا" ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی تشرینی یەکەم ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە دوایین بارودۆخی زەینەب جەلالیان، چالاکوانی سیاسی کورد کە لە زیندانی یەزدی ئێران دەستگیرکراوە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، زەینەب جەلالیان شانزەهەمین ساڵی زیندانی هەتاهەتایی لە زیندانی یەزد بەسەر دەبات بەبێ ئەوەی پابەندی بنەمای جیاکردنەوەی تاوانەکان بێت، سەرەڕای چەندین کێشەی جەستەیی هێشتا لە چاودێری پزیشکی گونجاو بێبەش کراوە.

 

ڕاپۆرتەکە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە بینینی زەینەب جەلالیان کز بووە، هەروەها چاودێری پزیشکی گونجاوی پێنەدراوە سەرەڕای ئەوەی تووشی چەندین نەخۆشی دیکەی وەک گورچیلە و کێشەی هەناسەدان بووە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، دایک و باوکی زەینەب جەلالیان بەهۆی تەمەن و دوورییانەوە ناتوانن چاویان بە زەینەب جەلالیان بکەوێت، و ئەگەر ناڕەزایەتی خۆیان لە دژی قەدەغەکردنەکان دەرببڕن ئەوا لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە هەڕەشەیان لێ دەکرێت و هەراسان دەکرێن.

 

لە ١١ی ئاداری ٢٠٠٨، دەزگا هەواڵگرییە سیاسییەکانی ئێران زەینەب جەلالیان دەستگیرکرد بە تۆمەتی "تیرۆریزم، بەجێهێشتنی وڵاتەکە بە شێوەیەکی نایاسایی، هەڵگرتنی چەک بە شێوەیەکی نایاسایی و ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان"، لە ساڵی ٢٠٠٩، زەینەب جەلالیان برایە بەردەم دادگای شۆڕش بۆ ئەوەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێت بە هەڵواسین، بەبێ پارێزەرێکی بەرگریکار یان دەستەی سوێندخۆران، تەنها چەند خولەکێکی خایاند کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە ساختە وەسفیان کرد، سەرەڕای ئەوەی هیچ بەڵگەیەکیان نەبوو بۆ پشتڕاستکردنەوەی تۆمەتەکانی دژی.

 

ئەو لە زیندانی خوی گواستراوەتەوە بۆ زیندانی دیزلی کرماشان و دواتر بۆ زیندانی قەرچەک لە ورامین و ئێستا لە زیندانی یەزد زیندانی کراوە، زەینەب جەلالیان کە لە ژێرزەمینی زیندانەکاندا دەستگیرکراوە، بەهۆی کرداری هەڕەمەکی بەڕێوەبەرانی زیندان و کارمەندانی هەواڵگری ئێرانەوە بەهۆی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە، دەناڵێنێت، جگە لە فەرامۆشکردنی پزیشکی.

 

هەروەها هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی، ئەشکەنجەدان، لێدان و هەراسانکردنی لێکراوە بۆ ئەوەی بەشداری بکات لە چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکاندا سەبارەت بەو تۆمەتانەی لە دژی ئەو تۆمەتبارکراون و ناچارکراوە دان بە هاوکاری سەربازی لەگەڵ پژاکدا بنێت.